کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران بەیانییەیەکی بڵاو کردەوە

13:04 - 1 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: شۆرای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران،  داوای لە مامۆستایانی قوتابخانەکان کرد، لە حەوتووی "موعلیمـ"ـدا دەست بدەنە مانگرتنی سەرتاسەری.

لە بەیانییەیەکدا شۆرای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران، بە بۆنەی هاتنی حەوتووی موعەلیم داوای لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی ئێران کردووە، کە بۆ گەیشتن بە ئامانج و مافەکانیان مان بگرن.

 لەو بەیانییەدا هاتووە، گرانی و هەڵاوسان، ژیانی بۆ هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگای ئێران دژوار کردووە. مووچەی مامۆستایان لەگەڵ گرانی یەک ناگرنەوە. زۆبەری مامۆستایان بە هۆی نەبوونی مووچەیەکی باش ناچارن کاری دیکە بکەن.

هاوکات لەو بەیانییەدا هاتووە، زۆربەی قوتابییان لە بنەماڵەی زەحمەتکێشانن و دۆخی ئابوورییان نالەبارە و لە لایەکی دیکە سیاسەتی پارەسازی و نەبوونی چۆنییەتی سیستمی ئامووزشی لە سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێرانە.

داخوازیی مامۆستایان لە نەیانییەکەدا بەم چەشنە خراوەتەوە ڕوو: "باشترکردنی دۆخی بارهێنان و ڕاهێنان لە قوتابخانەکان، ڕاگرتنی تایبەتسازیی فێرکاری، دامەزراندنی دامەزراوەی سەربەخۆ، لابردنی هەموو بەربەستەکانی نایاسایی بۆ پێشگرتن لە چالاکییەکان، دامەزراندنی بیمە بۆ فەرهەنگییان، دانی مووچە و داکۆکی لە مافی مامۆستایان.

لە کاتێکدا مامۆستایان لەبەر گرانیی سەرسووڕهێنەر و هەڵاوسانی (تورم) بەردەوام، توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خۆیان و بنەماڵەکانیان نییە، دەوڵەتی حەسەنی ڕۆحانی لە جیاتی بەدەنگەوەهاتن و بەرزکردنەوەی ئاستی مووچەی مامۆستایان و پێڕاگەیشتن بە مامۆستایانی خانەنشین، بە شێوەیەکی نابەرپرسانە "ئومید دەرمانی" وەک چارەسەریی مەینەتییەکانی خەڵک و مامۆستایان پێشنیار دەکات.

ئەمساڵ لە وەرزەکانی پاییز و زستاندا، مامۆستایانی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵاتی لە زۆربەی پارێزگا، شار و شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە دۆخی ژیانیان، سیاسەتەکانی دەوڵەت و زیندانیکردنی مامۆستایان، مانیان گرت.