کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"شۆرای هاوکاریی بەلووچستان'' لە بەیانییەیەکدا دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند

12:46 - 26 خاکەلێوه 2721

"شۆرای هاوکاریی بەلووچستان'' لە بەیانییەکدا دامەزرانی خۆی ڕاگەیاند و داوای لە هەموو تیکۆشەران و چالاکانی سیاسیی دژبەری ڕێژیمی ئێران کرد پەیوەست بەو شۆرایە ببن.

لەو بەیانییەدا هاتووە خاوەندارانی خاکی بەلووچستان لە ماوەی زیاتر لە ٩٠ ساڵی ڕابردوودا لە دەسەڵاتی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەردەوام لە ژێر هەڵاواردن، بێبەشی، زوڵم و زۆریی سیاسی، ئابووری ، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دابوونە و لە هەموو مافێک بێبەری کراون.

لە بەیانییەدا هاتووە ئێمە نەتەوەی بەلووچ هیچ کات تەسلیمی ویستەکانی ئەو دوو ڕێژیمە نەبووینە و مێژوو شایەتیی ئەوەمان بۆ دەدات کە هەمیشە لە بەرانبەر زوڵم و زۆریدا خەباتمان کردووە.

ڕێژیمی دیکتاتۆری ئێران بەردەوام بە بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی کۆلۆنیالیستیی خۆی لە بەلووچستاندا دەیهەوێ شوناسی نەتەوەی بەلووچ بسڕێتەوە.

لە بەشێکی ئەو بەیانییەدا هاتووه ئێمە بە لێکدانەوەی دۆخی ئێستای بەلووچستان بەو ئاکامە گەیشتین بێ لەبەرچاوگرتنی هەر چەشنە بیر و باوەڕی سیاسی و ئایینی بۆ بەرپرچدانەوەی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە بەلووچستان شۆرای هاوکاریی بەلووچستان دابمەزرێنن.