کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای هاوکاریی کەنداو پێنج داواکاری پێشکەش بە ڕێژیمی ئێران کرد

16:09 - 24 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: شۆرای هاوکاریی کەنداو، پێنج داواکاریی ئەو شۆرایەی بۆ سەقامگیریی ناوچەکە پێشکەش بە ڕێژیمی ئێران کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بەرپرسێکی باڵای شۆرای هاوکاریی کەنداو، لە نوێترین دانیشتنیاندا، داوای لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کردووە، بۆ ئەوەی ئەو ڕێژیمە بیسەلمێنێت، کە بایەخ بە سەقامگیریی ناوچەکە دەدات، پێنج داواکاریی ئەو ڕێکخراوەیە جێبەجێ بکات.

لەو بارەوە، "عەبدوللەتیف ئەلزیانی" سەرۆکی شۆرای هاوکاریی کەنداو، لەو دانیشتنەدا کە لە ئەبووزەبی بەڕێوە چووە وتوویەتی: ''شۆرای هاوکاریی کەنداو بایەخ بە سەقامگیریی ناوچەکە دەدات و خوازیاری لەنێوبردنی چەکی کۆمەڵکوژی بەتایبەت چەکی ناوکییە".

سەرۆکی شۆرای هاوکاریی کەنداو، داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە، ڕێز بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان دابنێت و دەست لە پشتیوانی کردنی حووسییەکانی یەمەن و تێرۆریستەکانی دیکە هەڵبگرێت.

ئەو شۆرایە، لە بەشێکی دیکەی داواکارییەکانی خۆیدا، داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە، دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەکەدا نەکات و دەست لە چالاکییە تێرۆریستییەکان هەڵبگرێت.

شۆرای هاوکاریی کەنداو جەختی کردووەتەوە، کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران ئەو داواکارییانە جێبەجێ بکات، ئەوە وڵاتانی کەنداو لەگەڵ ئێران پێوەندی دروست دەکەنەوە.

"عەبدوللەتیف ئەلزیانی" سەرۆکی شۆرای هاوکاریی کەنداو، پشتیوانی لە چوونەدەرەوی ئامریکا لە بەرجام کردبوو و داواشی کردبوو، گەمارۆوە ئابوورییەکانی دژی ئەو ڕێژیمە پەسەند بکرێنەوە.

پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی یەمەن، سووریە و چەندین وڵاتی دیکە بەردەوام ناڕەزایەتیی بەرپرسانی ئەمنییەتیی وڵاتانی عەرەبی لێ کەوتووەتەوە، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم بە دەستێوەردانەکان لەو وڵاتانەدا درێژە دەدات.

هەر لە ماوەی ڕابردوودا، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، عەلی خامنەیی و چەندین بەرپرسی دیکەی باڵای رێژیم، پشتیوانیی خۆیان لە سووریە دەربڕیوە.