کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای هاوکاریی کەنداو، ڕێژیمی ئێرانی بە خراپکاری لە ناوچەکەدا مەحکووم کرد

13:00 - 10 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: شۆرای هاوکاریی کەنداو، ڕێژیمی ئێرانی بە هۆی خراپکارییەکانی ئەم دواییانەی ناوچەکە مەحکووم کرد و داوای کرد، کە پێش بەو کردەوانەی ڕێژیمی ئێران بگیردرێت.

شۆرای هاوکاریی کەنداو، لە دانیشتنێکدا، کە لە ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی جۆزەردان پێک هات، لە بڕیارنامەیەکدا، ڕێژیمی ئێرانیان بە دەستێوەردان و خراپکاری لە وڵاتانی ناوچەی کەنداودا تاوانبار کرد و داوایان کرد، کە پێش بەو کردەوانەی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا بگیردرێت.

لە دوایین بەیاننامەی شۆرای هاوکاریی کەنداودا، بە هێرشی چەکدارە حووسییەکان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆ سەر عەرەبستان و هەروەها خراپکاری لە چوار کەشتیی بەندەری فەجیرە ئاماژە کراوە.

"جان بۆڵتۆن"، ڕاوێژکاری تەناهیی نەتەوەیی کۆشکی سپی، لە سەفەری خۆیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وتوویەتی: هێرش بۆ کەشتییە بازەرگانییەکانی بەندەری فەجیرە، لەگەڵ هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حووسییەکان بۆ سەر بۆری گواستنەوەی نەوتی عەرەبستان و هاویشتنی مووشەک بۆ ناوچەی سەوزی بەغداد پێکەوە پێوەندیدارن.

لە بەرانبەردا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هیرش بۆ سەر نەوتکێشەکانی بەندەری فەجیرەی ئەماراتی عەرەبی ڕەت کردووەتەوە، لە حاڵێکدا یەک ڕۆژ پاش ئەو ڕۆژە گرووپێک لە حووسییەکان کە پشتیوانیی تارانیان لە پشتە، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردبووە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان و بەرپرسایەتی ئەو هێرشەشیان وەئەستۆ گرتبوو.

شۆرای هاوکاریی کەنداو، لە بەشێک لە بەیاننامەکەیدا، ئاماژەی بە کۆماری ئیسلامی کردووە و نووسیویەتی: "ئەم شۆرایە، پاڵپشتیی خۆی لە ڕێکارەکانی ئامریکا، لە بەرانبەر بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ بەرنامە مووشەکی و ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران، چالاکییە تێکدەرانەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا، پاڵپشتیکردن لە تێرۆریزم، بەربەرکانێی لەگەڵ کردەوەکانی حیزبوڵڵا، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، میلیشیا حووسییەکان و سەرجەم گرووپە تێرۆریستییەکان دەر دەبڕێ".