کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای ئەمنییەت بە سەرۆکایەتیی ترامپ کۆبوونەوەیەک لەسەر ڕێژیمی ئێران بەڕێوە دەبات

12:54 - 14 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیارە کۆبوونەوەیەک بە سەرۆکایەتیی ترامپ لەسەر کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە ببات.

نیکی هێلی، نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی خەرمانان ڕایگەیاند، ترامپ سەرۆکی ئەو وڵاتە، بڕیارە کۆبوونەوەیەک لەسەر کردەوە و هەڵسووکەوتەکانی ڕێژیمی ئێران، لە شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە ببات.

ناوبراو لەم بارەوە ڕایگەیاندووە، ئەم کۆبوونەوەیە بڕیارە لە کۆتایی مانگی سپتامبر، لە میانەی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە بەشداریی ڕێبەری وڵاتانی جیهان بەڕێوە بچێت.

نیکی هێلی هەروەها وتوویەتی: مەبەست لە بەڕێوەبردنی ئەم کۆبوونەوەیە، تاوتوێکردنی چۆنیەتیی شێوازەکانی گوشارهێنانی زیاتر بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بە هۆی پێشێلکردنی بڕیارەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیییە.

نوێنەری ئامریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەم بارەوە وتوویەتی: بەپێی یاساکان سەرکۆماری ڕێژیمی لەم کۆبوونەوەیە دەتوانێت لێدوان بدات، ئەگەر خۆی پێی باش بێت.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانی باسی لەوە کردووە، کە بە زەحمەت دەتوانی لە ناوچەکە تێکەڵچوونێک ببینیت، کە شوێنپەنجەی ڕێژیمی ئێرانی پێوە دیار نەبێت، ئەگەرچی ئێمە پێمان خۆشە ئەم ڕێژیمە وەکوو وڵاتێکی بێکێشە بۆ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بگەڕێتەوە و وڵاتێکی بەپێگە و خاوەن پرنسیپی باش بێت، بەڵام ئەو شتە لەم ڕێژیمە بەدی ناکرێت.