شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە ٣ی گەلاوێژ لە بەیانییەیەکدا هێرشەکەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠١ی، بۆ سەر پارێزگای "زاخۆ" لە هەرێمی کوردستان مەحکووم کرد و جەختی کردەوە کە ڕێز لە سەربەخۆیی خاکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی وڵاتی "عێراقـ"ـدا بگرن.
ئەو بەیانیەیە لە دژکردەوە بە هێرشی "تورکیە" بۆ سەر هاوینەهەواری "پەرەخ" لە پارێزگای "زاخۆ" بڵاو کراوەتەوە کە بەو هۆیەوە ٩ کەسی مەدەنی کە منداڵیشیان تێدا بووە گیانیان لەدەست دا و ٢٣ کەسی دیکەش بریندار بوون.
شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەر سکاڵای وەزارەتی دەرەوەی "عێراق" لە "تورکیە"، ئەو هێرشەی مەحکووم کردووە.
"فواد حوسێن" وەزیری دەروەی ئەو وڵاتە سەبارەت بەو هێرشە وتوویەتی کە "تورکیە" لە ساڵی ٢٠١٨وە هەتا ئێستا زیاتر لە ٢٢ هەزار و ٧٠٠ جار سەربەخۆیی عێراقی پێشێل کردووە.