کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆفیر تاکسییەکانی بۆکان لەبەر دەرگای شارەداری مانیان گرت

12:44 - 25 خەزەڵوەر 2721

ڕێکەوتی ٢٢ و ٢٣ خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، شۆفیری تاکسییەکانی شاری "بۆکان" لەبەر دەرکی شارەداریی ئەو شارە ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد. ئەوان داوایان دەکرد کە تاکسیی "ماکسیم" لەو شارە کۆ بکەنەوە، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.

لە ڕاستیدا "ماکسیم" گەڵاڵەی سپای تێرۆریستی پاسداران بوو و بەهۆی ئەوەیکە ئابووریی ڕێژیمی ئێران لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و ڕێژەی بێکاری گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی، دیتنەوەی پیشەیەک بۆ خەڵکی هەژار و بێدەرەتان بووەتە ئاوات و خولیا.

سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ ئەوەی وا پیشان بدات لە بیری خەڵکدایە، تاکسیی "ماکسیمـ"ـی هێناوەتە گۆڕێ.

گەلاڵەی "ماکسیم" ئەوەیە هەرکەس ماشینی هەیە و پێی خۆش بێت دەتوانێت موسافیر ڕاگوازێت و لەنێو شاردا کار بکات، بەڵام لە بەرامبەردا بەشێک لەو کرێیە دەچێتە گیرفانی سپاوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە کڕینی خەتی تاکسیی "زەرد و تەلەفۆنی" لە سەرووی ١٠٠ ملیۆن تمەنە کە هەر ئەو کارەی تاکسیی "ماکسیم" دەکات و شۆفیرە تاکسییەکان لەو گرانییەدا ناتوانن خەرجی ماشینەکانیان دابین بکەن.