کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆفیرانی شیرکەتی مخابەراتی پارێزگای سنە مانیان گرت

18:08 - 31 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: شۆفیرانی شیرکەتی مخابەراتی پارێزگای سنە، به هۆی کەمبوونی مووچە و بایەخ پێنەدان به داواکارییەکانیان بۆ ماوەی حەوتوویەکە مانیان گرتووە.

ڕێکەوتی ٣٠ی بانەمەر، یەکیەتیی ئازادی کرێکاران لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتنی شۆفیرانی شیرکەتی مخابەراتی پارێزگای سنە کە لە دەستی سپای تێرۆریستی پاسداراندایە، لە بەیانییەیەکدا نووسیویەتی: "کێشەی سەرەکی، نابەرپرسایەتیی پەیمانکارانە کە لە لایەن شیرکەتی مخابەراتی ڕێژیمەوە ئەرکی پێراگەیشتن بە سەر شۆفیرانی ئەم شیرکەتەی لە ئەستۆیە."

ئەم شۆفیرانە لە لایەن شیرکەتی پەیمانکارییەوە لە مخابەرات کار دەکەن کە نیوەی زیاتری مووچەکەیان لە لایەن پەیمانکارانەوە وەردەگیرێتەوە. بەڵام هاوکات تێچووی سوتەمەنی، ڕۆن، تەگەر و زۆرێک لە پێداویستییەکانی ماشین لەسەر شانی شۆفیرانە و پەیمانکار لەم بارەیەوە هیچ بەرپرسایەتییەکی نییە.

شۆفیران تا ئێستا لە هەر چەشنە یارمەتیگەلێکی وەکوو حەقی جلوبەرگ، خانوو، هاتوچۆ، جێژنانە و خواردەمەنی بێبەش بوونە.

سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆژبەڕۆژ نرخی شتومەک لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسڵامیدا بەرزتر دەبێتەوە، مووچەی ئەم شۆفیرانە لە ساڵەکانی ٩٧ و ٩٨دا زیاد نەکراوە و شیرکەتی مخابەراتی ڕێژیم هەر چاوەڕێیە مووچەی ساڵی ٩٦یان پێ بدات.

شۆفیرانی شیرکەتی مخابەراتی پارێزگای سنە، نزیک بە ٥٠ کەسن کە هەر لە دەوروبەری  ئەو شیرکەتەیەدا مانیان گرتووه و دەستیان لە کارەکانیان کێشاوەتەوە.