کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆفێر وانتەکانیش پەیوەست بە ناڕازییان بوون

11:39 - 3 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: شۆفێری وانتەکان لە ئێراندا، بە هۆی دۆخی نالەباری بژێوی ژیانیان، تێکەڵ بە شەپۆلی ناڕازییانی ئێران بوون.

شۆفێری وانتەکان لە ئێراندا، بە کۆکردنەوەی واژۆیەکی زۆر ڕوو لە بەرپرسانی ڕێژیم، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە و باسیان لەوە کردووە، کۆمپانیا تایبەتە پێوەندیدارەکان بە بیانووی پێڕاگەیشتن بە دۆخی وانتدارەکان دامەزراوە، بەڵام تەنیا بە دوای پڕکردنی گیرفانی خۆیانن و هەلومەرجی شۆفێران قەت لەبەرچاو ناگیردرێت.

دابینکردنی کەلوپەلی وانتەکان، تایە و سەرجەم کەلوپەلی بەرخۆریی ماشینەکان، گرێبەستی بیمەی کۆمەڵایەتی و  کەمکردنەوەی پشکی بیمەی شۆفێران و پێدانی یارانەی سووتەمەنی لە داخوازیی شوۆفێر وانتەکانە.

ناڕەزایەتیی شۆفێر وانتەکان لە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەزبەرەوە، لە پەراوێزی هەڵبژاردنی هەیئەتی بەڕێوبەریی یەکیەتیی وانێتدارەکان لە موسەلای تاران دەستی پێ کرد و لە ڕۆژی سێشەممەوە ناڕەزایەتییەکان چووەتە قۆناغێکی نوێیەوە و بە کۆکردنەوەی واژۆیەکی زۆر دەنگی خۆیان بە گوێی بەرپرسانی ڕێژیم گەیاندووە.

هەر لەم پیوەندییەدا، کرێکارانی خانەنشینکراوی کارخانەی ئێران پۆپلینی ڕەشتیش، کە لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوییەوە بەشێک لە پشکەکانی ئەم کارخانەیانە کڕیوە، ڕۆژی ٢ی خەزەڵوەر لە هەمبەر دابەش نەکردنی پشکەکانیان لە لایەن پشکدارە سەرەکییەکانەوە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

دۆخی ژیانی کرێکاران و چینی خوارەوەی کۆمەڵگا لە ئێراندا کە هیچ کات دۆخێکی خوازراو نەبووە، پاش وەگەڕخرانەوەی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیم، چەند قات خراپتر بووە و لە قۆناغی دووهەمی گەمارۆوەکان کە بڕیارە لە ١٣ی خەزەڵوەرەوە دەست پێ بکات لەمەی کە هەیە نالەبارتر دەبێت.