کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆفێرە بارهەڵگرەکانی "سنە و مەریوان" مانیان گرتووە

11:13 - 27 بەفرانبار 2721

بەپێی هەواڵێک کە بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" گەیشتووە، لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانبارەوە ماشینە بارهەڵگرەکانی شارەکانی "سنە و مەریوان" مانیان گرتووە.

ئەم شۆفێرانەی مانیان گرتووە لە بەشی ترانزیتی کانتینێری ئێران هێڵی "بەندەرعەباس-هەرێمی کوردستان" کار دەکەن.

 شۆفێرەکان ڕایانگەیاندووە کرێی ئەو ڕێگایە زۆر کەمە و هەروەها نوێنەری شیرکەتەکان بۆ ئەوەی باریان پێ بدەن پارەیەکی زۆر وەردەگرن بۆ نموونە ٢ ملیۆن تمەن وەردەگرن.

هەروەها لەلایەن شیرکەتی نەوت جەریمەیەکی زۆر دەخرێتە سەر باری گازۆئیل؛ بە جۆرێک هەر ماشینێک دەتوانێ ٣٠٠ لیتر گازۆئیل لە باکی ماشینەکەی بکات و ئەگەر لەوە زیاتر بێت بۆ هەر لیترێک ١٠ هەزار تمەن جەریمە دەکرێت.

هەروەها شیرکەتێکی نوێ دامەزراوە و بە بیانووی ئاوەدانکردنەوەی سنوور لە هاتوچۆی ماشینەکان ٥٠ هەزار تمەن وەردەگرێ. جیا لەوەش شۆفێرەکان لەلایەن مەئموورانی هەنگی سنووریی ڕێژیمەوە ئازار و ئەزیەتێکی زۆر دەدرێن.

لەو پێوەندییەدا بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئیلنا"ی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بارینی بەفری قورس کە لە شەوی ڕابردووەوە لە "ورمێ" دەستی پێ کردووە و لەلایەکی دیکە نەبوونی یەکەی ڕاگواستنی گشتی لەنێو ئەو شارە و ناڕەزایەتیی شۆفێرانی پاسی شار بووەته هۆی ئەوەی موسافیرەکان بە سەرلێشێواوی لە وێستگەکانی پاس بمێننەوە.