کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیرکەتی ئاو و بەنداوسازی لە مەریوان دارستانەکان تێک دەدات

11:56 - 8 جۆزەردان 2720

بەشێک لە دارستان و لێڕەوارەکانی مەریوان لەلایەن شیرکەتی ئاو و بەنداوسازی خەریکە لەناو دەچن و چالاکانی ژینگەپارێزی و خەڵک بەنیسبەت تێکدانی ژینگە بەردەوام ناڕەزایەتیی دەردەبڕن.

ڕێژیمی ئێران لە شاری مەریوان لە جادەی سەرەکیی نێوان گوندی "ئەسراوە" ڕۆژانە بە ماشینی بارهەڵگر زبڵ و خاک لە سەر تەپۆڵکەیەکی هەڵکەوتوو له تەنیشت ئەو جادەیە ڕۆ دەکات.

بەهۆی ڕۆکردنی زبڵ و خاک لەو شوێنە جیا لەوەیکە بەشێک لە دارەکان لەناوچوونە، فڕێدانی ئەو زبڵ و خاشاکە مەترسی بۆ ژینگەی ئەو دەڤەرە دروست کردووە.

لە ماوەی ڕابردوودا ڕێژیمی ئێران زیاتر لە جاران بە هاوکاریی بەکرێگیراوانی خۆی دەستی بە تێکدانی ژینگەی کوردستان کردووە.

لە کوردستان کەسانی سەر بە ڕێژیم داری دارستانەکان دەبڕن و ڕەوانەی شارەکانی دیکەی ئێرانیان دەکەن.

لەلایەکی دیکەشەوە کەسانی هەلپەرست دارستان و لێڕەوارەکان داگیر دەکەن و بۆ مەبەستی دیکە کەڵکی لێوەر دەگرن.

دەزگای ڕێکخستنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا داوای لە خەڵکی کوردستان کرد هەموو ئەو کەسانەی کە دەستیان لە تێکدانی ژینگە و دارستانەکاندا هەیە ڕیسوایان بکەن و ئیزن مەدەن ژینگەی کوردستان ببێتە قوربانیی ناحەزان.