کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیرکەتی نەوتیی "لوک ئۆیل" نەوت لە ئێران ناکڕێت

11:10 - 15 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: دووهەمین شیرکەتی بەرهەمهێنانی نەوتیی ڕووسیە، بە هۆی ترس لە سزاکانی ئامریکا چالاکییەکانی خۆی لە ئێراندا ڕاگرت.

"فاگیت کبیرۆف"، سەرۆکی شیرکەتی "لوک ئۆیل"ـی ڕووسی، کە دووهەمین کۆمپانیای بەهێز لە بورای بەرهەمهێنانی نەوتە ڕایگەیاند، بە هۆی سەپاندنی سزا ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بڕیاری ڕاگرتنی چالاکییەکانی ئەو شیرکەتە و کڕینی نەوتی لە ئێران ڕاگەیاند.

کشانەوەی ئەو شیرکەتە نەوتییە لە ئێراندا لە کاتێکدابوو کە ئەو شیرکەتە دەیهەویست لە مەیدانێکی نەوتیی نزیک ئەهواز پڕۆژەی نەوتی پەرە پێ بدات.

بڕیارە ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بەهۆی پابەند نەبوونی ئێران بەڕاگرتنی بەرنامە ناوەکییەکەی دووهەم سزای ئابووریی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت و سەرجەم ئەو کۆمپانیایەش ئاگادار کراونەتەوە لە ئەگەری پابەندنەبوونیان بەو بڕیارەی ئامریکا تووشی سزای قورس دەبنەوە.

پاش دەستپێکردنەوە و توندتربوونەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، کۆمپانیا دەرەکییەکان بەتایبەت کۆمپانیا ئوروپایییەکان لە کشانەوە لە ئێران بەردەوامن و هەتا ئێستە ٥٢ کۆمپانیای ئورووپایی لە ئێران کشانەتەوه.

کشانەوەی ئەو کومپانیا نەوتییانە، دۆخی بەرهەمهێنانی نەوت و بەرهەمی پێوەندیدار بە نەوت لە ئێراندا تووشی قەیران دەکەن و زۆربەی پرۆژە نەوتییەکان بە هۆی نەبوونی کۆمپانیایەکی پسپۆڕی ئێرانی دادەخرێن.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیران ڕایانگەیاندووە، کە بە کشانەوەی کۆمپانیا دەرەکییەکان تووشی کێشە نابین و کارەکان دەدەین بە پەیمانکارە ئێرانییەکان و ئاسانتریش دەتوانین لەگەڵیان کار بکەین.

دوای کشانەوە ئامریکا لە بەرجام، زۆرینەی وڵاتان پێوەندیی ئابوورییان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە و تەنانەت وڵاتە ئوروپاییەکان کە بە بەرجام پێبەندن، لە دوای هەڕەشەی ئامریکا لە بانکەکان و کۆمپانیا ئوروپاییەکان لە پیوەندی لەگەڵ هاوکاریی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، گرێبەستەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران هەڵدەوەشێنن.