کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیری وشک بە کارت و ناسنامە بە خەڵک دەفرۆشرێت

12:14 - 8 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی گرانی و نەبوونی کەلوپەلی خواردەمەنی لە بازاڕەکانی ئێراندا، وای لێ هاتووە هێندێک پێداویستی به ناسنامە بە خەڵک بفرۆشرێت.

شیری وشک لە بازاڕەکانی ئێراندا، بە هۆی گرانبوونی لە ڕادەبەدەر لە توانای کڕینی خەڵکدا نییە و بنەماڵەکانی کوردستان و ئێران ناچارن بۆ کڕینی شیری وشک بۆ منداڵەکانیان ڕوو لە دەرمانخانەکان بکەن، کە بۆ فرۆشتنی شیر داوای کارتی پێناسەیان لێ دەکەن.

دابینکردنی شیری وشک و پووشاکی منداڵان بووەتە یەکێک لە نیگەرانییەکانی بنەماڵەکان و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ گرانتر دەبێت و بە کەمی دەست دەکەوێت.

 ئەسغەر سەلیمی، وتەبێژی کۆمسیۆنی شۆراکان و کاروباری مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، لە مانگی سەرماوەزدا باسی لەوە کردبوو: زۆرێک لە دایکان بۆ خوراکی منداڵەکانیان لە شیری وشک کەڵک وەر دەگرن، بەڵام بە هۆی کەمیی شیری وشک لە بازاڕەکاندا قەیرانێکی گەورەی بۆ دایک و باوکەکان ساز کردووە.

بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا و ناکارامەیی بەڕێوەبەری وڵات و دەست لەکارکشانەوەی کۆمپانیاکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و هەروەها مایەپووچبوونی بەرهەمە نێوخۆیییەکانی ئێران، زۆرێک لە پێداویستییەکان، گران یا بە کەمی دەست دەکەون، کە دۆخی ژیانی خەڵکی ناجێگیر کردووە.