کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیری وشک لە ئیلام بۆ منداڵان دەست ناکەوێ

15:47 - 8 بەفرانبار 2721

هەواڵدەریی "فارس" سەر بە سپای پاسدرانی ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە لە پارێزگای "ئیلام" شیری وشکی "ئاپتامیلHA1" نییە و کێشەیەکی جیددی بۆ خەڵک دروست کردووە.

نەبوونی ئەو خۆراکە بنەماڵەکانی نیگەران کردووە کە بۆ منداڵاکانیان چۆن ئەو شیرە وەدەست بخەن.

دایکی یەکێک لەو کۆرپانە ناڕەزایەتی دربڕیوە و وتوویەتی؛ "لە داوی ٦ ساڵ بێ هیوایی خودا منداڵێکی پێداین، کۆرپەی بێ زمان لە برسان دەگریت و هەر ئەو جۆرە شیرەوشکەیە کە دەتوانین بۆ کۆرپەکەمان کەڵکی لێوەرگرین ئەویش لە بازاڕ دەست ناکەوێ".

یەکێکی دیکە لە هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە وتوویەتی: "بۆچی بە بیانووی گەمارۆکان ناهێڵن شیری وشک بێتە بازاڕەوە؟ کاتێک شیری "ئاپتامیل HA1" نەبێت شتێکی دیکە ناخوات دەبێ چ بکەین و هاوار بۆ کوی ببەین؟ فریای کۆرپەکانمان بکەون".

"مەهتاب شاهماری" جێگری خۆراک و دەرمانی زانینگەی پزیشکیی پارێزگای ئیلام باس لەوە دەکات کە ئەو قەیرانە لە هەموو شارەکانی کوردستان و ئێران بوونی هەیە و ئەو جۆرە شیرە دەست ناکەوێ.

"هانی تەحویل زادە" سەرۆکی ئەنجوومەنی بەرهەمهێنەرانی شیری وشکی کۆرپەڵە لە ئێراندا پێشتر وتبووی: "ماوەی ٦ مانگە پارەی هاوردەکردن بە بەرهەمهێنەرانی شیری وشک نەدراوە و ئەمەش بووەتە هۆکارێک کە بەرهەمهێنانی شیری وشک ڕابوەستێت".

هەروەها باسی لەوە کردبوو کە ڕێژەی پاشکەوتی شیری وشک لە ئەنبارەکاندا کەمە و بەشی کەمتر لە دوو مانگ دەکات؛ بەو هۆیەوە فرۆشیاران ناچار بوونە بەشێک لە مارکەکانی شیری وشکی خۆیان جیرەبەندی بکەن.