کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیکارییەک بۆ شانۆی بەناو هەڵبژاردنی ١٤٠٠ی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران

11:56 - 30 جۆزەردان 2721

جەلال ڕەوانگەرد

بە پێی خودی ئاماری رێژیم نزیک ٢٧ میلیۆن بەشدار بوون لە کۆی ٦٠ میلیۆن کەس ، نزیک ٤٥٪

هەموو کەس تەنانەت مۆرەکانی رێژیمیش شارەزا و ئاگادارن هەرچی ئاماری دەوڵەتییە زیاتر لە نیوەی دەستکاری کراو و درۆیینە، کاتێ دەڵێت ٤٥ لەسەدی خەڵکی مافی دەنگدانی هەیە واتە کەمتر لە ٢٠لەسەدی  خاوەن مافی دەنگدان بەشدار بوون .
لە لایەکی دیکەوە نزیک بە ٢٥ میلیۆن کەس بە هۆی کەمی تەمەن (خوار ١٨ساڵ)، مافی دەنگدانیان نەبووە.

بەرەی بایکۆت بە پێی ئاماری ڕێژیم، زیاتر لە ٣٢ میلیۆن کەس کە مافی دەنگدانیان بووە، ئەوانەی مافی دەنگدانیان بووە و بایکۆتیان هەڵبژاردووە.

کۆی بەشدارنەبووان لە شانۆی بەناو هەڵبژاردن لە ئێران ٣٢+٢٥ = ٥٧ میلیۆن دەنگیان بۆ ئەو ڕێژیمە نە بووە و تەنیا ٢٧ میلیۆن بەشدار بووە لە کۆی ٨٥میلیۆن حەشیمەتی ئێران، ئەمانە هەمووی بە پێی ئاماری فەرمی حکومەتییە کە لە ڕاستی بەدوورە.
ئەگەر لە ڕاستی بابەتەکە بڕوانین ئەوەی کە دەوترێ نزیک ٢٧ میلیۆن بە پێی ئاماری فەرمی حکومەتی بەشدار بوون، لە ڕاستیدا کەمتر لە ١٠ میلیۆن بووە.

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ئێران، دەنگی دووهەمی سندوقەکانیش دەنگی باتڵە بووە، کە بە جۆرێکی دیکەش ئەمەش بۆ خۆی جۆرە نارەزایەتییەکە و بەشێک لەو خەڵکە بە هۆکاری تایبەت چوونەتە سەر سندوق، بەڵام دەنگیان بە کاندیداکانی ڕێژیم نەداوە.

 بەم گریمانانەی سەرەوە ئەگەر بمانهەوێ ڕاستی پشت رووداوەکانی ئەم جارەی شانۆی بەناوهەڵبژاردن لە ڕێژیم چاو لێ بکەین،  لە کۆی بەشداری ڕێژەیی کەمتر لە ٢٠لەسەدی  ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە دەنگیان داوە، بە دڵنیاییەوە لە کوردستان کەمتر لە ١٥لەسەدیش بووە.

 ئەو بەشداربووانەش دابەش دەبن بەسەر سێ پێکهاتەدا، بەشێک لەو بەشدارانە خەڵکی نائاگا بە پرسە سیاسییەکان و  خەڵکی دەستکورتن کە پێیان وایە ئەگەر بەشداری نەکەن ئەوا رێژیم یارمەتییەکانیان لێ دەبڕێت و بەشێکی دیکەی ئەو کەسانەن کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە دەرەوەی بازنەی ڕێژیم‌ دان، بەڵام کەس یا خزمێکیان کاندیدا بووە و دەنگیان بەو کەسە داوە، بە دڵنییاییەوە هەن کەسانێک تێیاندا کە ناڕازین لە کۆی سیستم، بەڵام بەو بیانووەوە بەشداربوون. بەشێکی دیکەیان خودی مۆرە و دەستوپێوەندییەکانیان و ئەندامانی سپای پاسداران و لایەنگرانی ڕێژیمن کە کۆی لایەنگرانی حکوومەت خۆیان لە نزیک ١٠لەسەدی ڕێژەی وڵات دەدەن، کە هەڵبەت زۆر کەسیش لە ناو خودی ئەو سیستمەدا بەشدار نەبوون و ناڕازین. 

بە پێی دێکومێنت و بەڵگە و فیلم و ڕاپۆرتی هەواڵنێرانی ناوخۆیی و دەرەوە لە نزیک ٤٠٠ شاری ئێران و هەزاران کلیپ کە خەڵک لە ناوەندەکانی هەڵبژاردن تۆماریان کردووە، دەرخەری بایکۆتی زیاتر لە ٨٠لەسەدی خەڵک بووە.

ئەگەر ئاوڕێک لە فیلم و وێنە بڵاوکراوەکانی ڕێژیمیش بدەینەوە بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە حکوومەت زۆر لە فیلم و دێکۆمێنتەکانی کە بەشێوەی لایڤ لە کاناڵە فەرمییەکانی بڵاو دەکردەوە، زۆر خەڵک بەدرۆیان دەخستەوە کە لەو کەسانەی ناو ئەو فیلمانە یان مردوون یا خود ئەو فیلمە هی کاتێکی دیکەیە، دیتراوە کە بێ لەبەرچاوگرتنی زەمانی فیلمەکان زۆر لەو دیکۆمێنتانە هی زستان بووە و خەڵک جاکەت و کۆتیان لەبەر بووە یان بۆ سەفی مریشک و خواردەمەنییەکان ڕاوەستاون و ئەوانەیان بە حەماسەی شانۆگەرییەکەیان ناوزەد دەکرد و رۆژی هەینی لە کاتی شانۆگەرییەکەیان بڵاو کراونەتەوە . لەلایەکی دیکەوە خەڵک کە بە وێنە و فیلم لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستانیشەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە بڵاویان دەکردەوە، دەریدەخست بەشدارانی ئەو شانۆیە بە قامکی دەست دەژمێردران و زۆر بە کەمی خەڵک بەشدار بوون، تەنانەت بووە لە ئەو کەسانەی خۆیان لە سەر سندوقەکان بوون لایفیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردووەتەوە و وتوویانە کە ئەوەتا کەس بەشداری لەم شانۆگەرییەی رێژیم نەکردووە، خەڵکینە مەیەن کەس بەشداری ناکات.

لێرەدایە کە گرینگی و کاریگەری بایکۆتی چالاکانە بە تەواوەتی خۆی دەردەخا، کە لە مێژووی ٤٢ساڵەی ئەو ڕێژیمە، بەو شێوە بەربڵاوە خەڵک بە ڕێفراندۆمی بەشداری نەکردن و بایکۆت، بێزاری خۆی لە سیستمی ئیسلامی ئێران دەرخست.

هەروەک لە ڕابردوودا ئەو ڕێژیمە لە کوردستان مەشروعیەتی نەمابوو، ئەمجارە بە تەواوەتی لە هەموو وڵاتی ئێران خۆی نیشان دا و قەیرانی مەشروعیەت بە تەواوی بەرۆکی ئەو ڕێژیمە دژی گەلی و ئازادییەی گرتووە. مەحاڵە جیا لە تێکەوەپێچان و رووخانی سیستمی کۆماری ئیسلامی، هیچی دیکە بەدادی خەڵکی ئێران بگات.

گرینگ و پێویستە سیاسییان و چالاکانی مەدەنی رۆژهەڵات بە خوێندنەوەیەکی جیدیتر بۆ دوای ئەم قۆناغە، پلان و بەرنامەی کاراتریان هەبێت، کە بەرەو رووخانی یەکجاریی ئەو سیستمە هەنگاو بنێت.

توتالیتاریزم لە بەرانبەر ئیرادەی گەل تێکشکا، شۆڕشگێڕانی کورد ئامانجیان رووخانی یەکجارەکی ئەو ڕێژیمەیە، بۆیە بە یەکگرتوویی هاوشێوەی ئەمجارە و ئەم ساڵانەی دوایی چالاکییەکانی دیکەی رۆژهەڵات، دەتوانین لە ساڵانی داهاتوو بەیەکجاری ئەو سیستمە وەپێچین و رووخانی یەکجاری رێژیمی ئیسلامی ئێران بکەینە مێژوو و سەرکەوتن بۆ نیشتمانپەروەران و شۆڕشگێڕانی کورد و بکەینە خەڵات بۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان .

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.