کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەریف بێهروز: هەموو نیشانەکان وامان پێدەڵین کە لەوانەیە ئەم هەڵبژاردنەی ڕێژیم بێ بڕەوترین و ساردترین هەڵبژاردن بێت لە تەمەنی نگریسی ئەم ڕێژیمەدا

19:16 - 9 جۆزەردان 2721

وتووێژ: ڕەحمان سەلیمی

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕێکەوتی ٢٨ی جۆزەردانی ئەمساڵ ١٣هەمین خولی هەڵبژاردنەکانی خۆی لە حاڵێکدا بەڕێوە دەبات کە بارودۆخی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران لە خراپترین ئاستی خۆیدایە.

هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە لەگەڵ قەیرانی ڕەوایی بەرەوڕووە، حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئێران ئەو هەڵبژاردنانەیان بایکۆت کردووە و بەپێی ڕاپرسییەکان کەمتر لە ٣٠ لەسەدی خەڵک بەشداری دەکەن.

بازنەی دەسەڵات لە ڕێژیمدا تەسکتر و بچووکتر بووەتەوە و تەنانەت هێندێک لە کەسانی نێو دسەڵات و نزیک لە خامنەیی شیاوبوونیان بۆ بەربژێربوون لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ڕەت کراوەتەوە. کارناسانی سیاسی لەسەر ئەو باوڕەن، ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت دەسەڵات هاوشێوەی وڵاتی کۆرەی باکوور بە تەواوی یەکدەست بکات.

ئەم بابەتەمان لە وتووێژێکدا لەگەڵ ''شەریف بێهروز'' چالاکی سیاسی خستووەتە بەرباس کە سەرنجتان بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشین:

- هەڵبژاردنەکانی خولی سەرکۆماریی ئەمجارەی ئێران بەنیسبەت هەڵبژاردنەکانی پێشوو چ جیاوازییەکی هەیە و ڕوانگەی خەڵک چۆن دەبینن؟

هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ڕێژیم لە هەلومەرجێکدا بەڕێوە دەچێت کە ڕێژیم هیچ کات ئەوەندە لەگەڵ قەیران بەرەوڕوو نەبووه، لە بواری سیاسییەوە لە ناوخۆ لە قەیراندایە، بازنەی دەسەڵات ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ تەسکتر دەبێتەوە و کەسانی کەمتر بە دەوری دەسەڵاتەوە ماونەتەوە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕێژیم ڕووبەڕووی چەندین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بووەتەوە کە لە مێژووی ئەم ڕێژیمەدا بێوێنە بوونە. لە بواری ئابوورییەوە دۆخەکە یەکجار زۆر شڵەژاوترە. هەموو ئەو بەڵێنییانەی ڕێژیم ٤ دەیە لەوەپێشدا بوونی وەکوو بەرق، ئاو، خواردەمەنییە سەرەتاییەکان و هتد... کە بە لاش لەبەردەست خەڵکدا بن، نەک بەدی نەهاتوونە بگرە تووشی بنبڕان بوونە و دەست ناکەون. لە بواری نێودەوڵەتییەوە ڕێژیم قەت ئەوەندە تەریک نەبووتەوە و لە پەراوێز نەخراوە. ئەو گەمارۆوانە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ دۆخی نێوخۆ خراپتر و خراپتر دەکەن و بێگومان هەروەک مێژوو پێ سەلماندووین و ئەزموونی زۆرێک لە وڵاتەکان کە تووشی شۆڕش بوونە، دۆخی ئابووری چەخماخەی داگیرسانی هەر شۆڕشێک و ئاڵوگۆڕێکە. ڕێژیم هەستی بەو بارودۆخە ئەستەمە کردووە و لەو دەلاقەیەوە دەڕوانێتە هەڵبژاردنی ئەمجارە کە ئەگەر ناتوانێت چارەسەری ئەم کێشانە بکات لانیکەم بە مستێکی ئاسنینی بێوێنەوە ڕووبەڕووی کێشەکانی نێوخۆ و دەرەوە ببێتەوە کە بێگومان هەبوونی یەکدەستی لە سەرچاوە و دەزگاکانی دەسەڵات دەتوانێت ئەم ئەرکە بۆ ڕێژیم سانەهیتر بکات.

ڕێژیم لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا وای پیشان دەدات کە کێبڕکێیەک هەیە بۆ وەدەستەوەگرتنی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی وڵات کە هەروەک بینیمان لەو چوارچێوە تەسکەشدا مەجالی کێبڕکێی تەندروست نادات و پەنا بۆ فێڵ و تەڵەکە دەبات. بوونی ئەم کێبڕکێیە کەمەی جارانیش مەترسییەکی گەورە بۆ ڕێژیم بوو کە لە پاش ڕاگەیاندنی ئاکامی هەڵبژاردنەکەیان جارێکی تر خەڵک بڕژێنە سەر شەقامەکان و لە ئەگەری سێناریۆیەکی لەم چەشنە و بە‌ لەبەرچاوگرتنی ئەو فاکتۆرانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێکرا ڕێژیم بڕیاری دا کە لە ئێستاوە ئاکامی هەڵبژاردنەکە ڕابگەیەنێت و پێش لە هەر جۆرە ناڕەزایەتییەک و سەر‌هەڵدانێکی پێشوەختە بگرێت. بە کورتی لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو ڕێژیم بە بیانووی بوونی بەربژێری جیاواز خەڵکی بۆ سەر سەندووقەکانی دەنگدان ڕادەکێشا بەڵام ئەمجارە دووبارە بەکارهێنانی وەها سێناریۆیەک ڕیسک و مەترسی بۆ ڕێژیم یەکجار زۆر بوو و بۆ بەکردەوەکردنی سەرکوتێکی بەربڵاو لە وێنەی شەستەکان پێویستی بە یەکدەستکردنێکی بێوێنە لە دەسەڵاتدا هەیە کە بوونی کەسێکی وەکوو ئاخووند ڕەئیسی ئەم سیاسەتە باشتر دەتوانێت بەکردەوە بکردرێت.

بۆ ڕێژیمێک کە سەرچاوەی دەسەڵاتەکەی خەڵک نییە ڕاوبۆچوونی خەڵک بێ بایەخە. بەڵام ئەوەی دەگەڕێتەوە بۆ خەڵک، ئێمە بینیومانە کە خەڵک چارەنووسی خۆیان لەگەڵ ئەم ڕێژیمە یەکلا کردووەتەوە.  لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا لانیکەم هەر پینج ساڵ یەکجار لە ناوچەی نەتەوە ژێردەستەکان زیاتریش بووە خەڵک ڕژاونەتە سەر شەقام و نایەکی بەهێزیان بەو ڕێژیمە وتووە، بەڵام مخابن هەر جار لەگەڵ سەرکوت بەڕەوڕوو بوونە. هێندێکیش پێیان وابووە کە لەوانەیە لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە بتواندرێت ئاڵوگۆڕ لە ڕێژیمەدا پێک بێنن کە ئەوەش هەر وەکوو پیشان دراوە لەگەڵ شکست بەڕەروو بووە. ئێستا لەلایەن زۆرێک لە خەڵکی ئێرانەوە، فارسەکانیشی لەگەڵ بێت باس لە شەڕی چەکداری بە دژی ڕێژیم دەکەن و بیرۆکەی هێرشی دەرەکیش بۆ سەر ڕێژیم پشتیوانی زۆرە، تەنیا لە بەر ئەوە کە بۆیان دەرکەوتووە کە بە تەنیا دەرەقەتی ئەم ڕێژیمە سەرەڕۆیە نایەن و لە ئەگەری دەربڕینی دەنگیان بە توندی سەرکوت دەکرێن و هەڵبژاردنیش هیچ دەردێک لە دەردەکانیانی دەرمان نەکردووە و لە داهاتووشدا نایکات بۆیە ئەمجارە بژاردەی بایکۆتی هەڵبژاردنی ڕێژیم زۆر بەهێزە و پشتیوانی زۆرە.

- ئایا ساردترین هەڵبژاردن لە تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا چاوەڕوان دەکرێت؟

هەموو نیشانەکان وامان پێ دەڵێن کە لەوانەیە ئەم هەڵبژاردنەی ڕێژیم بێ بڕەوترین و ساردترین هەڵبژاردن بێت لە تەمەنی نگریسی ئەم ڕێژیمەدا. دروستە خەڵک بە گشتی خوازیاری گۆڕینی ئەم ڕێژیمەن بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی گشت بژاردەکانی بەردەم ئێستاش خەڵکانێکی زۆر هەن کە گۆڕان لە دەلاقەی هەڵبژاردنەوە سەیر دەکەن و بۆ ڕێژیمیش هەروەک ئاماژەی پێکرا بوونی لایەنی ڕێفۆرمخواز لە لیستی بەربژێرەکاندا و مەترسیی ناڕەزایەتیی بەربڵاو لە وێنەی ساڵی ٨٨ پاش ڕاگەیاندنی ئاکامەکان مەترسییەکی یەکجار بێ وێنە بوو بۆیە ڕێژیم بڕیاری داوە کە لانیکەم ئەمجارە هەڵبژاردنێکی کەم ڕەنگ و سارد زیاتر لە بەرژوەندیی ڕێژیمدایە تا هەڵبژاردنێکی بەهەڵا.

دیارە ئەمە مەودای دەسەڵات و خەڵک زیاتر و زیاتر دەکات، بەڵام ئەوەی کە ڕێژیم بەتەمای سەرکوتێکی بێ وێنەیە لەوانەیە لە درێژخایەندا ئەم ساردییەی ئێستا هەم یارمەتی دەدات کە پیلان و بەرنامەکانی ڕێژیم سەر بگرێت و هەمیش ماوەکەی تەمەنی ئەم ڕێژیمە تۆزقاڵێک زیاتر بکات.

- زۆرێک لە کەسانی نزیک لە دەسەڵات لەلایەن شورای نیگابانەوە شیاوبوونیان ڕەت کراوەتەوە، ئایا ڕێژیم چووەتە قۆناغێکی نوێ؟

 بازنەی دەسەڵات لە ڕێژیمدا تەسکتر و بچووکتر بووەتەوە. نزیکترین کەسان و بنەماڵەکانی دەسەڵاتداری وەکوو لاریجانییەکان و ڕەفسەنجانییەکان و... هتد، خستووەتە پەراوێزەوە. کەسانی وەکوو ئەحمەدی نژاد کە دوو خول سەرکۆماری ئەو ڕێژیمە بووە و دەستیان لە کوشتن و قەڵاچۆی ئەم خەڵکدا هەبووە و ڕۆژانێک ڕای ئەو لە ڕای ڕێبەڕی ڕێژیم نزیک بوو ئێستا شیاوبوونی ڕەت دەکرێتەوە تەنیا لەبەر ئەوە کە ڕێژیم چی تر پێویستی پێ نەماون و وەکوو کارتێکی سووتاویان لێ هاتووە. ئەو دابڕانانە شتێکی تازە لەو ڕێژیمەدا نییە و لە سەرەتاوە هەر هەبووە. ئەوەی کە گرینگە لەو دەورەیەدا ناڕەزایەتیی بەربڵاوی خەڵکە کە ڕێژیمی وەتەنگ و چەڵەمە هێناوە و ناتوانێت لە بەرامبەریدا بەرگری بکات. بۆیە بە ڕای من ڕێژیم ئەمجارە تەنیا چارەسەری لە یەکدەستکردنی زیاتری دەسەڵات و سەرکوتێکی بەربڵاوتر لە وێنەی شەستەکان لە ناوخۆدا دەبینێت و هەروەها خۆئامادەکردنی بۆ ڕوبەڕووبوونەوەیەکی هەمەلایەنە لەگەڵ دونیای دەرەوە و هەوڵ دەدات گشت کارتەکانی لەپێناو سەرکەوتنی ئەم سیاسەتەدا بخاتە ڕوو کە بێگومان سەرهەڵدانی گرژییەکانی ئەم دواییانەی ناوچە لەنێوان گرووپە توندئاژۆکانی فەلەستینی و ئیسرائیل یەکێک لەو نموونانەیە و لە داهاتووی نزیکدا ڕوبەرووبوونەوەی تری لەم چەشنە لە وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی عێراق، یەمەن، سووریە و لوبنان و ئەفغانستانیشدا دەبینین.

دەکرێت ئەمە وەکوو قۆناغێکی نوێ لە تەمەنی ئەم ڕێژیمەدا سەیر بکرێت، قۆناغێک کە زیاتر وەکوو سەردەمی شەستەکانی هەتاوی دەچێت کە مخابن هەم شاهیدی شەپۆلێکی بێ وێنەی سەرکوت لە نێوخۆ دەبین و هەمیش لە دەرەوە ڕێژیم خەریکی شەڕێکی بەربڵاو لە دەرەوەی سنوورەکانی دەبێت کە هەر وەکوو ئاماژەی پێکرا ئەم پرۆژەیە پێویستی بە سەرکۆمارێکی وەکوو ڕەئیسی هەیە کە لە سەرەتای ئەم ڕێژیمەوە یەکێک لە مۆرە هەرە ئەساسییەکانی ئەم ڕێژیم بووە و لە داهاتووشدا هەر دەمێنێت. لەلایەکی ترەوە سێناریۆی پاش مردنی خامنەییش لەم ئاڵوگۆڕانەدا دەوری هەیە. لە ئێستاوە بەتەمان کەسێک وەکوو جێگرەوەی ئەم لەبەر چاو بگرن کە بتوانێت هەموو کۆڵەکەکانی دەسەڵات لەم ڕێژیمەدا بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و پێش لە هەر جۆرە شڵەژانێک بگرن لە ئەگەری مردنی خامنەیی، شتێک کە لە سەردەمی خومەینی و پاش مردنی ئەوەیش تاقی کراوەتەوە و سەرکەوتوو بووە.

- لە وڵاتێکی نادێموکراتیکی وەکوو ئێران هەڵبژاردن هەتا چەندە وەکوو ڕێگاچارەیەک سەیری دەکرێت؟ 

هەر وەکوو پێشتر ئاماژەی پێکرا، ئێستاشی لەگەڵ بێت خەڵکانێک هەن کە پێیان وایە کە باشترین و بە قازانجترین و بێ تێچووترین ئاڵوگۆڕ لە سەندووقی دەنگدانەوە سەرهەڵ دەدات. ئەم بۆچوونە لەناو خەڵکانی سەر بە نەتەوەی فارس بەهێزترە لەبەر ئەوە کە ئاڵوگۆڕ لە هەر ڕێگا و کاناڵێکەوە جیا لە هەڵبژاردن بە قازانجی خۆیان نابینن و ڕایان وایە پارسەنگی دەسەڵاتی ئابووری، سیاسی و کەلتووری لە ئەگەری وەها ئاڵوگۆڕهایەک بە زیانی ئەوان دەبێت و بەداخەوە ئەم بۆچوونە لە ئاخەوتنەکانیشیاندا بە ڕوونی دیارە کە حازرین ئێران هەر لەژێر چەپۆکی سپای پاسداران و ئەم ڕێژیمەدا بمێنێتەوە باشترە تا ئەوەی کە نەتەوە غەیرە فارسەکان بە مافەکانی خۆیان بگەن. کەوابوو هەڵبژاردن لەم سۆنگەیەوە تەنیا نە وەکوو کەرەستەیەک بۆ ئاڵوگۆڕی دڵخوازی خۆیان سەیر دەکەن بەڵکوو وەکوو ئامرازێکیشە کە بژاردەکانی تر وەکوو شەڕی چەکداری و دەستێوەردانی دەرەکی بەهێز نەبن.

لە مێژووی سەردەمدا کەمتر بیندراوە کە لە وڵاتێکی نادێموکراتیک و سەرکوتکەر تواندرابێت لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە کۆمەڵگا بەرەو دێموکراسی هەنگاو بنێت. زاتی دیکتاتۆرییەت ئەوەیە کە پێش بە دەنگی ئازاد و هەڵبژاردنی ئازاد بگرێت وەکوو ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندی و ئەگەر خەڵک بتوانن لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە ئاڵوگۆڕ بە دەسەڵات بێنن ئەوە ئیتر دیکتاتۆرییەت نەماوە. بە کورتی لە وڵاتی دیکتاتۆرلێدراو هەڵبژاردن مانا و واتای نییە و بەفیڕۆدانی هەڵەکان و کاتە و بەگەمژە زانینی خەڵکە و لە وڵاتێکیشدا کە خەڵک بتوانن لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە دەسەڵات بگۆڕن ئەوە خزانێکە بەرەو دێموکراسی. دروستە وڵاتی دێموکرات و ئازاد تەنیا لە هەڵبژاردنی ئازاددا خولاسە نابێتەوە بەڵام بێگومان هەڵبژاردنی ئازاد یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی هەر دێموکراسییەکە کە بە بێ ئەو وڵات ناتوانێت بەرەو دێموکراسی هەنگاو بنێت.

بەپێچەوانە شانۆی بەناو هەڵبژاردن لە وڵاتێکی دیکتاتۆری وەکوو ئێران نەتەنیا وڵاتی بەرەو دێموکراسی نەبردووە و نابات بەڵکوو ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ پەرەی بە سەڕەڕۆیی و دیکتاتۆرییەت داوە. بە ڕای من تێگەیشتنی زیاتری خەڵکی ئێران لەم فاکتەش لەم دەوریەدا بێ مەورید نییە کە خەڵک هەڵبژاردن لە ڕێژیمەدا کەمتر لە جاران وەکوو چارەسەرییەک سەیر بکەن.

- ئایا پڕوپاگه‌نده‌ی سیاسی و ‌ ناردنی بەشێک لە خه‌ڵك بۆ سه‌ر سندووقی ده‌نگدان دەتوانێت فریای ڕێژیم بكه‌وێت و بۆی ببێتە سه‌رچاوه‌ی ڕه‌وایی وه‌رگرتن؟

بۆ ڕێژیمە دیکتاتۆرەکانی وەکوو ئێران هیچ کات ڕەوایی و دەنگی خەڵک گرینگ نەبووە. ئەو ڕێژیمە هیچ کات ڕەوایی بوونی خۆیی لە دەنگی خەڵکەوە وەرنەگرتووە و ڕادەی بەشداریی خەڵکیش هەرچەند کەمیش نەبێت ناتوانێت ببێتە هۆی لەدەستدانی ئەو ڕەواییە لەبەر ئەوە کە ئەو ڕەواییە هیچ کات بوونی نەبووە. ئەم ڕێژیمە هەڵبژاردنەکانی بۆ ئەوە بەڕێوە بردووە کە بە خەڵک بڵێت دەسەڵات هی خۆتانە و لە دەرەوەش پرۆپاگاندای پێ بکات کە دەسەڵات لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت کەوابوو ڕێژیم لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا ڕەوایی هەیە. وڵاتانی دەرەوەش زۆر جار لە بەر بەرژوەندیی ئابووری و سیاسیی خۆیان چاوپۆشی لەم شانۆیانە دەکەن و وەکوو هەڵبژاردنی ڕاستەقینە ناوی دەبن و هێندێک جار ئەو بیانوویەش دێننەوە کە لە ئێران هەڵبژاردن هەیە ئەگەرچی دێموکراتیکیش نییە، لە وڵاتانی دەوروبەر هەر شتێک بەناوی هەڵبژاردن بوونیشی نییە. بۆیە سیاسەتی ئاڵۆزی نانەوە لە ناوچەکە لەلایەن ڕێژیمەوە و هەروەها شکست پێهێنان بە ئەزموونی دێموکراسی لە وڵاتانی وەکوو ئەفغانستان و عێراق گەلێک گرینگە و تا ئەو ڕێژیمە لە ئێران لەسەر کار بێت نەک ئازادی و دێموکراسی ڕووی خۆش بە ئێران نیشان نادات بەڵکوو ناوچەکە بە گشتی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەرەو نائەمنی و دووبەرەکی و شەڕ و ئاڵۆزیی زیاتر هەنگاو دەنێت.

- ئایا دەنگی خەڵک هیچکات ئاڵوگۆڕێکی لە سیاست و ڕەفتارەکانی ڕێژیم پێک هێناوە؟

ئەوەی لە ٤٢ ساڵی تەمەنی ئەم ڕێژیمەدا بینیومانە ئەوە بوو کە هەڵبژاردن کەرەستەیەک بووە بۆ زیاتر پتەوکردن و تاپۆکردنی دەسەڵات. خەڵک دەبێ لە ئەساسدا بەگومان بن لەوەی کە لە وڵاتێکی سەڕەڕۆ و دیکتاتۆری وەکوو ئێران بۆ پەنا بۆ هەڵبژاردن دەبن. دڵنیا بن ئەگەر هەڵبژاردن تۆزقاڵێکیش وڵاتی بەرەو باشتربوون و دێموکراسی بردبا لەمێژ بوو ئەم ڕێژیمە کۆتایی بەم شانۆیە دەهێنا، بەڵام هەروەکوو پیشتر باس کرا هەتا ئێستا هەڵبژاردن نەک هیچ ئاڵوگۆڕی بە ڕێڕەوە و سیاسەتە خراپەکانی ڕێژیمدا نەهێناوە بەڵکوو زیاتر بڕەوی بە سەرکوت و سەڕەڕۆیی داوە. هەڵبژاردن لە ئێراندا جیا لە ڕەوایی بەخشین بە دیکتاتۆری، زیاتر بووەتە بازاڕی دۆزینەوەی پیشە و گەیشتن بە لووتکەی سەرچاوەی دارایی و ئابوورییەکان لەلایەن کەسانی هەلپەرست و خۆویست.  ئەوانەی دەبن بۆ بەربژێر بۆ هەڵبژاردنەکانی مەجلیس و شوراکانیش ئەمە باش دەزانن کە هیچ ئالوگۆڕێک لە وڵات بەم هەڵبژاردنە ڕوو نادات و تەنیا و تەنیا گیرفانی ئەوانەی پێ پڕ دەبێت کە بە دەنگی خەڵک سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە دەدزن. بەڵام خەڵک دەبێ ئەوە باش بزانن بۆچی لە بەناو هەڵبژاردنێکدا بەشدار بن کە نە وڵات بەرەو کرانەوە و پێشوەچوون دەبات و نە لە ژیان و گوزەرانی خەڵکدا باشتربوونێک بەدی دەکرێت، جیا لەوانەی کە دەنگیان پێ دەدەن. دەسەڵاتیش ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ سەرەڕۆتر و ملهۆڕتر دەبێ و خەڵکیش ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ هەژارتر و بێدەرەتانتر.