کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەش لایەنی کوردیی هەرچوار پارچەی کوردستان لە ئاڵمان کۆبوونەوە

21:17 - 16 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: دەستێوەردانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچە و بەشەکانی دیکەی کوردستان، گرینگترین باسەکانی بەرپرسی شاندی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە دیداری شەش لایەنی کوردیی لە ئاڵمان پێکهێنابوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شاندێکی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری کۆڵن بە سەرپەرستیی \'\'شەهریار نەقشبەندی\'\' رۆژی هەینی رێکەوتی ١١ی بانەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی، لەگەڵ شاندێکی رێبەریی پارتی دێموکراتی کوردستان ــ باکوور، کۆبووەوە و لەسەر کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە کوردستان و ناوچە ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.

پرسی چارەسەریی ئاشتیانەی کورد لە باکوور و دەستێوەردانەکانی ئێران لەمەڕ شکستهێنان بەو پرۆسەیە بەشێکی دیکەی قسە و باسەکانی ئەو دیدارەی لە خۆ گرتبوو.

بەپێی ئەم راپۆرتە، بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزب هەر لە هەمان رۆژدا بە جیا لەگەڵ نوێنەری پارتی سوسیالیستی کوردستان کۆ بووەتەوە و باسی لە پێوەندیی دۆستانەی حیزبی دێموکرات و پارتی سوسیالیست و درێژەی هاوکارییەکانی هەر دوو لا لە باکوور و رۆژهەڵاتدا کراوە.

لە درێژەی سەردانی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە شاری کۆڵنی ئاڵمان، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٢ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، هاورێ لەگەڵ هەیئەتێکی رێبەری حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستیی \'\'شاهۆ حوسێنی\'\' ئەندامی رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداریی لە کۆبوونەوەی گشتی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵدا کرد.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ بۆ ماوەی دوو رۆژ لە شاری کۆڵنی ئەڵمان کۆبوونەوەی گشتیی خۆی پێکهێنا و لەو کۆبوونەوەیەدا دۆخی جیهان و ئاڵوگۆرەکان و بەتایبەت کۆماری ئیسلامی و دۆخی نالەباری ژیان و گوزەرانی گەلانی ئێران و پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە باسە سەرەکییەکانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ بوون.

بەپێی ئەم راپۆرتە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٣ی بانەمەڕیش، شەهریار نەقشبەندی درێژەی بە کۆبوونەوە لەگەڵ حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان دا.

لە دیدارەکانی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٣ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاویدا، هاوکات شەش لایەنی سیاسی کوردی شاری کۆڵن پێکەوە کۆبوونەوە و باسیان لە چۆنیەتیی هاوکاری کردنی نێوان حیزبە کوردییەکان کرد.

لەو چاوپێکەوتنەدا بەرپرسی گشتی کۆمیتەی حیزب وتەیەکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە پیلان و ئاژاوەگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە و کوردستان و بەتایبەت عێراق و سووریەدا کرد.

ئەو لایەنانە بریتین بوون لە: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی دێموکراتی کوردستان ــ باکوور، پارتی دێموکراتی کوردستان ــ سووریە، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و پارتی ئازادیی کوردستان.