کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەشەمین کۆنگرەی یەکیەتیی خوێندکاران کۆتایی پێهات

17:49 - 28 بەفرانبار 2720

شەشەمین کۆنگرەی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان لە ژێرناوی کۆنگرەی شەهید "ئیسماعیل شەریفزادە" و بە دروشمی "هەوڵدان لە پێناوی پتەوترکردنی هاوخەباتیی زانکۆ و شەقام و شاخ" بەڕێوە چوو.

ئەو کۆنگرەیە کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی، بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان لەلایەن هەیئەتی ئامادەکاری کۆنگرەوە بەخێرهاتنی ئەندامانی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات و بەشداربوانی کۆنگرە کرا. دواتر پەیامی کرانەوەی کۆنگرە لە لایەن "دوکتور هەژار  ڕەحیمی" ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکیەتیی خوێندکارانەوە پێشکەش کرا. دواتر بەڕێز  "تەیموور مستەفایی" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات، پەیامی ناوەندی سیاسیی پێشکەش کرد. بڕگەی دیکە خوێندنەوەی پەیامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکرات لەلایەن "خالید دەرویژە" ئەندامی دەستەی کارگێڕیییەوە بوو.

پاشان کۆنگرە کاری ئاسایی خۆی دەست پێکرد و لە یەکەم بڕگەدا ئەندامانی بەشداربوو، بە تێکڕا دەنگیان بە مەشرووعییەتی کۆنگرە دا.

دواتر ڕاپۆرتی هەیئەتی ئامادەکاری کۆنگرە لە لایەن سەلام ئیسماعیلپوور، ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی پێشووەوە پێشکەش کرا و دەنگی متمانەی بۆ وەرگیرا.

پاشان ڕاپۆڕتی سیاسی خوێندکاریی لیژنەی بەڕێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی خوێندکاران لە لایەن سەلام ئیسماعیلپوورەوە پێشکەش کرا کە پاش باسێکی تێر وتەسەل و گونجاندنی هێندێک ئاڵوگۆڕ، لە لایەن کۆنگرەوە دەنگی پێ درا.

لە بەشێکی دیکەدا "کاروان شەرەفی" سکرتێری پێشووی یەکیەتیی خوێندکاران بە نوێنەرایەتیی هەیئەتی ئامادەکردنی بەرنامە و پێڕەو، دەقی پێشنیارکراوی لیژنەی بەڕێوەبەریی پێشکەش کرد کە پاش باسێکی تێروتەسەل و گونجاندنی دوایین گۆڕانکاری و تێبینییەکان، بە دەنگی تێکڕای ئەندامانی کۆنگرە پەسەند کرا. لەم بەشەدا بەرچاوترین گۆڕانکاری لابردنی پاشگری ئێران و دیاریکردنی ناوی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بوو. 

پاشان ڕاپۆرتی کار و چالاکیی نێوان کۆنگرەی  ٥ هەتا ٦ی لیژنەی بەێوەبەری بە شێوەی ویدیۆیی لە ساڵونی کۆنگرە بڵاو کرایەوە کە پاش باس و لێکدانەوەی ئەندامانی کۆنگرە، پەسەند کرا.

دواتر پەیامەکانی کۆنگرە بۆ لایەنە جیاجیاکانی بەردەنگی یەکیەتیی خوێندکاران، دیاری کران. لە بەشی دیکەدا کۆنگرە کۆمەڵێک بڕیاڕ و ڕاسپاردەی بۆ بەڕێوەبەریی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی شەشەم پەسەند کرد کە لە پڕۆژەی کاری یەکیەتیی خوێندکاراندا بگونجێندرێت.

بڕگەی دیکەی کاری کۆنگرە هەڵبژاردن بوو کە لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دێموکراتیکدا ئەندامانی کومیتەی بەڕێوەبەریی گشتی هەڵبژێردران و لە یەکەم کۆبوونەوەی کومیتەی بەڕێوەبەریی گشتیدا جەمال فەتحی وەکوو سکرتێری یەکیەتیی خوێندکاران هەڵبژێردرا و کۆنگرە کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی دامەزراوە و بەپێی هەلومەرج هەر ٣ ساڵ جارێک کۆنگرەی خۆی دەبەستێت.