سیاسەتی شارسازی و ڕازاندنەوەی شەقام و کۆڵانەکانی نێو شار، دەرکردنی ئاوەڕۆی شەقامەکان، قیرەتاوکردنی شەقام و کۆڵانەکان، دیاریکردنی فڕێدانی زبڵی نێو شار و بەڕێوەبەریی شار کارێکە کە دەبێت لەلایەن کەسانی کارناسەوە ئەنجام بدرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەندا هەر ڕۆژ چەندین هەواڵ لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا بڵاو دەبێتەوە کە شارەداریی بەنیسبەت کێشەکانی نێو شار کەمتەرخەمە و وڵامی هیچ کێشەیەکیش نادرێتەوە.
پارێزگای ورمێ
شارەکانی بازرگان، خۆی، چاڵدێران، سەڵماس، نەغەدە، پیرانشار، مەهاباد و لەو شارانەن کە زیاترین گلەیی و سکاڵای خەڵک لە شارەداری و شۆراکانی شار ئەوەیە کە هیچ بایەخێک بە پاک و خاوێنی نێو شار نادەن.
هاووڵاتییان بە بڵاوکردنەوەی وێنە، ڤیدیۆ و بە شێوەی نووسراوە بەردەوام باس لەوە دەکەن کە کاربەدەستانی شارەداریی خەریکی خۆدزینەوە لە کاروباری نێو شارن و گرینگی بە داخوازییەکانی خەڵک نادەن.
خەڵک باس لەوە دەکەن کە جیا لەو کێشانە، کێشەی دیکە هەیە وەک سەگی بەڕەڵڵا لەنێو شاردا دەسووڕێنەوە کە زۆر جار بووەتە هۆی ئەوەیکە منداڵان بکەونە بەر پەلارمای ئەو سەگانە.
لە زۆر حاڵەتەدا بەهۆی ئەوەیکە شارەدارییەکان هیچ کارێک ناکەن خەڵک خۆیان بە هاوکاریی یەکتر دەست بەکار دەبن و کێشە شەقام، کۆڵان و گەڕەکی خۆیان چارەسەر دەکەن.
لە ئێستادا گەورەترین کێشەی شاری خۆی ئەوەیە کە ئەو شارە بە شێوەیەکی بێ بەرنامە ساخت و سازی تێدا کراوە و سەرەڕای وادە و بەڵێنییەکانی کە شارەداری خۆی باسی کردووە ئەو کێشەیە چارەسەر نەکراوە.
نەبوونی ڕێگاوبانی باش لە چاڵدێران گرینگترین کێشەی ئەو شارەیە و لە بواری ئاوەدانکردنەوە ئەو شارە کەمترین خزمەتگوزاری تێدا دەکرێت.
دوو گۆمرۆکی "بازرگان و ڕازی" هاوسنوور لەگەڵ کوردستانی باکوور لە سەرەتاییترین جادەی تڕانزیتی بێبەشە.
گومرۆکی "سێرۆ" کە لە پارێزگای ورمێ هەڵکەتووە، لە بواری ئابوورییەوە هیچ قازانجی بۆ خەڵک نییە و تەنیا خەڵک دەتوانن بە چەمەدان هەندێک کەلوپەل لە گومرۆکەوە بگوازنەوە.
لە مەهاباد؛ کەندوقوڵکی نێو شەقامەکانی شار، قیرەتاونەکردنی کۆڵانەکان، فڕێنەدانی زبڵی نێو شار لەو کێشانەیە کە چارەسەر ناکرێت و خەڵک بەردەوام باس لەوە دەکەن شۆرای شار و شارەداریی خەوتوون.
ڕێگای نێوان نەغەدە بۆ پیرانشار بەهۆی گومرۆکی حاجی عومەران ڕێگایەکی قەرەباڵغە و ئەو ڕێگایە دەفرایەتی بۆ ماشێنێکی زۆر نییە بەردەوام ڕووداوی هاتوچۆی لێ دروست دەبێت.
لەو پارێزگایە لە وەرزی "بەهار"ی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی ١١٣ کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە. ساڵی ١٤٠٠ هەر لەو وەرزەدا ١٢٦ کەس گیانیان لەدەست داوە کە ١١.٥ لەسەد بەرز بووەتەوە.
پارێزگای سنه
لەو پارێزگایە ماوەی چەندین ساڵە کە بڕیارە ئوتووبانی مەریوان بۆ سنە دروست بکرێت بەڵام نەک دروست نەکراوە بەڵکوو بە بیانووی بودجە پشتگوێ دەخرێت.
بەهۆی هەڵکەوتنی گومرۆکی باشماق لە مەریوان ساڵانە تانکێرەکانی نەوتهەڵگر دەبنە هۆی ڕووداوی دڵتەزێن. ئەو تانکێرانە لە هەرێمی کوردستانەوە دێنە پارێزگای سنە و بەهۆی نەبوونی ڕێگا گونجا و دیاریکردنی ڕێگای تایبەت بۆ ئەو ماشینانە ڕووداوی هاتوچۆی دڵتەزێنی لێ دەکەوێتەوە.
شارەدارییەکان وەک باقی شارەکانی دیکەی کوردستان بە بیانووی نەبوونی بودجە؛ خزمەتگوزارییەکان وەک پێویست ئەنجام نادەن لەحاڵێکدا بەشێک لە ئەندامانی شۆرای شار و شارەدارییەکانی بەهۆی دزینی بودجە دەسبەسەر دەکرێن.
گەڕەکی "نایسەر"ی سنە لە سەرەتاییترین خزمەتگوزاری بێبەشە و سەرەڕای هەمووی ئەو کێشانە بوونی قوڵکەی زۆر لە دەورووبەری "شاری بازی" مەترسییەکی گەورەیە بۆ گیانی منداڵان. ئەو گەڕەکە لە خزمەتگوزارییەکانی وەک: "ئاسفاڵت، ئاوی خواردنەوە، شوێنی فێرکاری، شوێنی سیاحەت و فەزای سەوز" بێبەشە و هەتا ئێستا خەڵک چەندین جار بەنیسبەت نەبوونی خزمەتگوزاری سكاڵایان تۆمار کردووە بەڵام هیچ وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.
لە ڕێگاوبانەکان هۆکارێکن بۆ گیان لەدەستدانی هاووڵاتییان، ناستاندرادبوونی ماشینەکان هۆکارێکی دیکەیه بۆ قوربانیبوونی خەڵک لە کاتی ڕووداوی هاتوچۆدا. لە ساڵی ٩٨دا لە هەر ٣٠ خولەک یەک کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست داوە.
ئەمساڵ ڕووداوی هاتوچۆ بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو ٥٧ لەسەد و ڕێژەی ئەو کەسانەی گیانیشیان هەر لەو ماوەیە لەدەست داوە بەنیسبەت ساڵی ڕابردووە ٤٩ لەسەد بەرز بووەتەوە.
بەپێی دوایین ئاماری پزیشیکی یاسایی لە پارێزگای سنە لە ماوەی ٤ مانگدا ١٤٢ کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە.
لەو پارێزگایە لە وەرزی "بەهار"ی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی ٧٧ کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە. ساڵی ١٤٠٠ هەر لەو وەرزەدا ٧٨ کەس گیانیان لەدەست داوە کە ١٣ لەسەد بەرز بووەتەوە.
پارێزگای کرماشان
ڕێگای ڕوانسەر ــ کرماشان لە نزیک سەراوی جاروی بە ڕێگای مەرگ ناسراوە و ساڵانە دەیان کەس لەو شوێنەدا گیانیان لە دەست دەدەن.
هەروەها ڕێگای نێوان کرماشان ـ ئیلام کە یەکێک لە ڕێگا قەرەباڵغەکانی کوردستانە بەهۆی پێچی مەترسیدار، هەڵدێربوون و نەبوونی تابلۆ لەو ڕێگایە بووەتە قەتڵگایەک بۆ ئەو ماشینانەی دەیانەوێت لەوێوە سەفەر بکەن.
بەهۆی ڕۆچوونی زەوی لە وەرزی باراندا بەرد و گڵ ڕێگاکان دەبەستێت و هیچ بەربەستێک دروست نەکراوە هەتا ئەو مەترسییە کەم بکاتەوە، بەو هۆیەوە ساڵانە چەندین ڕووداوی کارەساتبار و دڵتەزێن تێیدا ڕوو دەدات.
ڕێگای کرماشان بۆ کامیاران یەکێک لەو ڕێگایانە کە ڕووداوی هاتوچۆی زۆری لێ دروست دەبێت. ڕێگاکانی کرماشان بۆ کامیاران، کامیاران بۆ ڕوانسەر و و کرماشان بۆ سەحنە زیاترین ئاماری ڕووداوەکانی هاتوچۆی هەیە.
لە ماوەی یەک ساڵدا ٣٣٠ کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە ڕێگاکانی کرماشان گیانیان لەدەست داوە.
ئاماری ڕووداوی هاتوچۆ لەو پارێزگایەی کوردستان چەند بەرابەر لە نێونجیی ئاماری گشتیی ئاستی ئێران زیاترە.
٦٦ خاڵی مەترسیدار لە ڕێگای کرماشان هەیە کە هەمووی هۆکارێکن بۆ ڕووداوی هاتوچۆ.
خەڵکی کرماشان باس لەوە دەکەن کاربەدەستەکانی ڕێژیمی ئێران لەو پارێزگایە بە مێزی دەسەڵاتیان وەنووساون و بە جێگای ئەرک سەرقاڵی پارە کۆکردنەوەن کە وا باشترە دەست لە کارەکانیان بکێشنەوە.
لەو پارێزگایە لە وەرزی "بەهار"ی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی ٨٢ کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە. ساڵی ١٤٠٠ هەر لەو وەرزەدا ٩٨ کەس گیانیان لەدەست داوە کە ١٩.٥ لەسەد بەرز بووەتەوە.
ئیلام
١.٨ لەسەدی ئاماری بریندارەکانی ڕووداوی هاتوچۆ لە ئاستی "ئێرانـ"ـدا سەر بە پارێزگای "ئیلامـ"ـە.
٢٢ خاڵی مەترسیدار لە ڕێگای کرماشان هەیە کە هەمووی هۆکارێکن بۆ ڕووداوی هاتوچۆ.
کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لەو پارێزگایە دەڵێن ئاماری ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە پارێزگایە لە ئاستی کارەساتێکدایە.
ساڵانە ١٥٣ کەس لە ڕێگاوبانەکانی ئیلام بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست دەدەن. ڕێگاکانی "مەلەکشاهی و ئەیوان" ڕێگایەکی مەترسیداران.
ماوەی ٤ ساڵە پڕۆژەکانی دروستکردنی ڕێگاوبان لە پارێزگایە وەک خۆی ماوەتەوە. لە جاددەی "مەلەکشاهی" حەوتووانە ٣ هەتا ٤ کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست دەدەن. ئەو ڕێگایە ١٠٠ میلیارد تمەن تێچووی هەڵناگرێت.
تەنیا لەو پارێزگایە لە وەرزی "بەهار"ی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی ٢٦ کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە و ساڵی یش١٤٠٠ هەر لەو وەرزەدا ٢٦ کەس گیانیان لەدەست داوە کە ٠.٠ لەسەد بەرز بووەتەوە.
دانیشتووانی گەڕەکەکانی شاری ئیلام بەهۆی ئەوەیکە شارەداری و شورای شاری ئیلام داواکارییەکانییان بۆ جێبەجێ ناکەن ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
پارێزگای ئیلام لە پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات جیا لەوەیکە خزمەتگوزاریی زۆر کەمی بۆ ئەنجام دەدرێت وەک یەکێک لە هەژارترین پارێزگاکان لە ئاستی ئێران و کوردستاندا ئەژمار دەکرێت.
ڕووداوی هاتوچۆ لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی وەک زیانێکی قەرەبوو نەکراو چاوی لێ دەکرێت بەڵام لە کوردستان و ئێراندا بایەخ بە گیانی خەڵک نادرێت.