کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەمخانی: هەڕەشەی بەستنی گەرووی هۆرمۆز لە وڵاتانی دنیا دەکات

19:29 - 5 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکی شۆرای ئەمنییەتی رێژیمی کۆماری ئیسلامی، هەڕەشەی بە بەستنی گەرووی هۆرمۆز و ڕاگرتنی هەناردە کردنی نەوت لەو ناوچەوە لە وڵاتانی دنیا کرد. 

ڕۆژی شەممە، ٤ی ڕەشەمە، پاسدار عەلی شەمخانی، سەرۆکی شۆرای ئەمنییەتی ڕێژیم، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، هەڕەشەی لە ئیسراییل کرد و وتی: "هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هێزە تێرۆریستییەکانی سپای قودس لە سووریە بێوڵام نامێنێتەوە و ڕێکارێکی نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو هێرشانە دەگرێتە بەر. 

هەر لەم پێوەندییەدا. پێشتر شەریعەتمەداری ، کە لە کەسانی نزیکی ڕێبەری ئێران بەئەژمار دێت، لە سەروتارێکیدا هەڵوێستی توندی لە بەرانبەر دەوڵەتی ڕۆحانی گرتبوو و وتبووی کە؛ سەرکۆماری ئێران لەبەر ناکارامەییی خۆی ڕێگەی داوە دیوانی بەرزی ئامریکا دەست ‌بەسەر ٢ میلیارد دۆلار لە سەرمایەی ئێراندا بگرێت و ڕای سپاردبوو کە: باشتر وایە بۆ گۆشارهێنان بۆ سەر ئەم دەوڵەتانە، گەرووی هۆرمۆز دابخرێت. 

بەرپرسانی ڕێژیم داخستنی گەرووی هۆرمۆز بە مافی خۆیان دەزانن و ئەم شێوە هەڕەشانەی ئێران دەچنە چوارچێوەی سیاسەتی "چماغ و هویجـ"ـەوە و بەم شێوەی هەوڵی کونتڕۆڵی سیاسەتی وڵاتانی دژبەری و زاڵیەتی خۆی لە ناوچەکەدا دەدات.