کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهید كێیە؟

00:25 - 11 خاکەلێوه 2722

شەماڵ تەرغیبی

لەگەڵ ئەوەدا كە كولتووری شەهیدپەروەری و شەهیدبوون هەرگیز رێبازی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران نەبووە و پارێزەریی لە گیانی رۆڵەكانی نەتەوەكەمان بە ئەركێكی پیرۆز زانراوە، بەڵام وەك رێبەری مەزنمان دوكتور قاسملوو دەڵێت: "گەلێك ئازادی بوێت، دەبێ‌ نرخی ئەو ئازادیەش بدات". گەلی چەوساوە و مافخوراوی كورد، بە درێژایی مێژووی خەباتی رزگاریخوازانەی خۆی، لە پێناو بەدیهێنانی ئارمانج و ویستی بەرحەقی، ناچار بووە خەبات بكات و لە رەوتی ئەم خەباتەشدا بە هەزاران رۆڵەی بە ئەمەگ و شایستەی خۆی لەدەست داوە و ئەوەش نرخی ئەو ژیانە ئازادە و ئەو رزگارییەیە كە گەلەكەمان ناچار بووە بیدا.

"مردن بۆ ژیان یان ژیان بۆ مردن"؟ چلۆن ژیان لەو رستەیەدا بەرجەستە دەبێتەوە. زۆر ژیان و بە سەلامەت ژیان، ئاواتی هەموو تاكێكە، بەڵام بە چ نرخێك؟ ژینی كۆیلەیی و ژێرچەپۆكەیی و دوورودرێژ لە كوێ‌ و ژینی كورت و ئازادانە و بە سەربەرزی لە كوێ‌.

وەك مامۆستا هەژار دەڵێت: "مان ئەگەر وابێ  چ شیرینە نەمان". هەڵبژاردنی رێگای مان و نەمان ورەیەكی بەرز و باوەڕێكی قووڵی دەوێ‌. پشتگوێ‌خستنی دنیاویستی و نەبینینی گیان و گەیشتن بە قۆناغی مانەوەی رۆحی و هەرمان، بەخشینی گیان لە پێناوی ئارمانج و مەبەستدا، ئەو تایبەتمەندییانەن كە پێگەی شەهید و ناوەرۆكی وشەی شەهید پێناسە دەكەن.

شەهید هەڵگری پەیامی مانەوە و هەرمانە بۆ نەتەوە و خاكەكەی و وانەكانی لەخۆبوردوویی و مرۆڤبوون دەڵێتەوە. شەهیدبوون واتە دەربازبوون لە بازنەی "من" و كەوتنە ناو بازنەیەكی بەرفراوانتر كە "من" بۆ هەمووانە.

وشەی شەهید بۆ ئێمەی كورد وشەیەكی پیرۆز و جێگەی رێز و شانازییە، سەربڵندییە، چراوگی رێی رزگارییە، عەشق و خۆشەویستییە، ورەبەرزی و بەخشینی گیانە لە پێناو بایەخە نەتەوەییەكاندا، لە پێناو خاكدا كە لە كولتووری ئێمە و زۆربەی گەلاندا لەگەڵ وشەی پیرۆزی دایك هاوتەراز كراوە. كەس ئامادە نییە لە پێناو ماڵ و ساماندا گیانی خۆی بەخت بكات بەڵام سامانی نەتەوەیی بە هەزاران رۆڵەی ئەم ئاو وخاكەی كردۆتە گیانفیدای خۆی.

شەهید ئازادانە و ئاگاهانە رێگەی خۆی بەرەو مەبەستێكی پیرۆز هەڵدەبژێرێت و قارەمانانە بە خوێنی سووری دژی زوڵم و دیكتاتۆری دەوەستێتەوە و رێگا بۆ گەیشتن بە كۆمەڵگایەكی ئازاد و سەربەخۆ هەموار دەكات.

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا جاری وا هەیە ئەو پرسیارە لە مێشکدا بەرجەستە دەبێتەوە کە شەهید کێیە یان شەهید بە چ واتایەکە؟

لەڕاستیدا وشەی شەهید، وشەیەكی عەرەبییە كە لە پاش سەرهەڵدانی ئایینی ئیسلام بەم چەشنە واتای گرتووەتە خۆی بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە كە پێش لە سەرهەڵدانی ئیسلام وشەی شەهید بوونی نەبووە، بەڵكوو بە پێچەوانە پێش لەویش بەو كەسانە وتراوە كە ئامادەبوون كە لە پێناو ئازادیی گەل و ئاو و خاك و نیشتمانەكەیان گیانی شیرینی خۆیان خۆبەخشانە و دڵخوازانە بەخت بكەن. بە تایبەتی بەو جەنگاوەرانە دەگوترا كە بێباكانە و گیان لەسەردەست ئامادەی گیانفیدایی لە پێناو ئامانجە پیرۆزەكانیان بوون. ئێستا زۆربەی خەڵك پێیان وایە كە ئەم وشەیە بە واتای مردن لە رێگەی خودادایە، بەڵام ئەوەی كە ڕاستییە ئەمەیە كە ئەم وشە بە واتای مردن نیە و مانا سەرەكییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئامادە و شاهید و شایەتبوون. ئەركی ئەم نووسینە باسكردنی مانای وشەی شەهید نیە بەڵكوو لێرەدا دەمانهەوێ بڵێین

شەهید مرۆڤێكی واڵا و ئارمانجخوازە كە بەهای بیروبڕوا و ئارمانجەكەی لە سەرووی هەموو بەهاكاندا داناوە. ئاسایش و خزمەت بە مرۆڤەكان لە ئاسایشی خۆی بە گرینگتر دەزانێ‌. خەمخۆر و پەرۆشی مرۆڤەكانە و بۆ پاراستنی بەها مرۆییەكان گیان لە سەر دەست و ئامادەی گیانفیداییە. ئەو لەگەڵ مرۆڤەكاندا دەبێتە هاودەرد، لە شادی مرۆڤەكان شادمان دەبێ و لەگەڵ خەمەكانیاندا خەم و پەژارە دایدەگرێ. ئەو ئەوەندە هۆگری بیروبڕوا و ئارمانجە پیرۆزەكانیەتی كە قازانجەكانی خۆی لەگەڵ ژیان و سروەت و سامانی بۆ گەیشتن بە بەختەوەریی گەل و نیشتمانەكەی بە ئاسانی فیدا دەكات.كەوایە شەهید مرۆڤێكی رەها و ئازادیخواز، ناخبین و قارەمانە كە دونیا و هەموو ئەو شتانەی كە لە دونیادا هەیە بۆ ئەو بایەخێكی نییە و بە ئاسانی لێیان دەگوزەرێ و دەگەڕێتەوە بۆ حەقیقەتی مرۆڤایەتی كە خزمەتكردن بە هاوچەشن و مرۆڤدۆستییە. شەهید نامرێ و شاهیدی هەموو ئەو شتانەیە كە ساڵیانی ساڵ ململانێیان لە سەر كراوە و شایەتە بۆ هەموو ئارمانجخوازی و ئازادیخوازییەكانی مرۆڤەكان بۆ رەهابوون لە چنگی زوڵم و زۆر و دیكتاتۆری، ئەو هەڵقوڵاوی جیهانی نەمانە و لكاوە بە جیهانی هەتاهەتایی هەبوون.

شەهید مرۆڤێكی نموونەیە كە لە هەر زەمەن و لە هەر شوێنێكدا بە ئامادەبوونی خۆی نموونەیەكە بۆ ژیاندۆستی هەموو مرۆڤەكان. شەهید بە شەهیدبوونی خۆی ترس لە مەرگ دەڕەوێنێتەوە و كۆمەڵگا زیندوو دەكاتەوە و ناوی خۆی بۆ هەتاهەتایە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە باشی و زیندوویی تۆمار دەكات.

لە فەرهەنگی مرۆڤە ئازادیخوازەكاندا شەهیدبوون ئارمانج نییە و هەروەها مەرگێكیش نییە كە دوژمنان بە سەر مرۆڤە ئازادیخوازەكاندا دایسەپێنن، بەڵكوو شەهیدبوون مەرگێكی دڵخوازانەیە كە مرۆڤی ئازادیخواز و خەباتكار بە تێگەیشتن و ئاگایی و لۆژیك و شعوور و ڕابوون بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەرزی و گەیشتن بە ژیانێكی مرۆییانە هەڵیدەبژێرێ.

بەرز و بەڕێز بێ یادی ١٠ی خاکەلیوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان