کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ڕۆژی شەهیدان، لە چالاکیی تەبلیغییدا بەردەوامن.
تێکۆشەرانی دێموکرات، بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ـ ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ـ، سەردانی گڵکۆی پێشەوایان کردووە و لەسەر مەزاری پێشەوا وێنەی شەهید "کاوە جەوانمەرد"یان داناوە.
ڕۆڵەکانی دێموکرات لەو چالاکییەدا، پەیمانیان لەگەڵ ئامانجی کۆمار و ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە، کە هەتا دوایین ساتەکانی ژیان وەفادار بە ڕێبازی شەهیدان دەبن.
شەهید کاوە جەوانمەرد، کوڕی شەهید نەجمەدین جەوانمەرد، لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، لە شاری سنە لە دایک بوو. شەهید کاوە لە کۆنگرەی ١٥ی حیزبدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا. لە نەورۆزی ساڵی ١٣٩٥دا، دوای ڕاگەیاندنی ڕاسان لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە و چوونەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ نێوخۆی وڵات، شەهید کاوە پاشان چوونەوە بۆ نێوخۆی وڵات، لە ڕۆژی ١٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاویدا، لە حەماسەیەکی بێوێنەدا، لە گوندی بۆڕیەر، لەگەڵ هاوسەنگەری و یاری بەوەفای خۆی، شەهید سەرکەوت سەمەدی، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوون.