کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهیدانی ژینگە ئەسپەردەی خاک کران

00:45 - 5 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا کە شیاوی ناوی کاک شەریف باجوەر و هاوڕێیانی بێت، تەرمی ژینگەپارێزانی مەریوان بە خاک ئەسپێردران.

بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی شاری مەریوان و باقی شارەکانی دیکەی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ژینگەدۆستان و ژینگەپارێزان تەرمی پیرۆزی چوار شەهیدی پارێزەری ژینگەی کوردستان بە خاک ئەسپێردرا. 

کاتژمێر ١٠ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی خەرمانان، بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی شارەکانی کوردستانی ئێران و هەروەها ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی شارەکانی دیکەی ئێران، بە تایبەتی شاری تاران، لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی چوار چالاکی ژینگەپاریزی شاری مەریوان بەشدارییان کرد.

بەپێی دوایین زانیارییەکان ژمارەیەکی  بەرچاو لە خەڵکی سەرجەم شارەکانی کوردستانی ئێران و هێندێک لە هاووڵاتییانی شارەکانی دیکەی ئێران لە بەردەم مزگەوتی سەلاحەدینی ئەیووبی ئەو شارە لەگەڵ تەرمی شەریف باجوەر و هاوڕێکانی بەرەو گۆڕستانی دارسەیران کە ١٠ کیلۆمێتر دەبێت بە پیادە هەتا ئەو شوێنە ڕۆیشتن.

بەشداربووانی ئەم ڕێوڕەسمە بە دانی دروشمی جۆراجۆری وەک "زیندانی سیاسی دەبێت ئازاد بکرێت"،"سپای پاسداران تاوانبارە لە ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی کوردستان" ،"فەرماندار فەرماندار بەرکنار" و "شەریف باجوەر ڕێگات درێژەی هەیە" و هەروەها وتنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە و نیشتمانی هەتا گۆڕستانی دارسەیران لەگەڵ تەرمەکاندا، ڕۆیشتن و بۆ دواجار ماڵئاواییان لە ژینگەپارێزانی کۆچکردوو کرد.

یەکێک لە بەشداربووانی ئەم ڕێوڕەسمە لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاندووە، لە کاتی بە خاک‌سپاردنی تەرمی شەهیدانی ژینگەی کوردستاندا ئامادەبووان بەوپەڕی ئیمان بە رێبازی نەمرانی گەل بەڵێنی وەفادارییان بە شەهیدانی ژینگە دا.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، ٤ چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی شاری مەریوان به ناوەکانی "شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی نیا و محەممەد پەژووهی" لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریواندا گیانیان لە دەست دا.

شەریف باجوەر ئەندامی تەشکیلاتی نهێنی حیزبی دێموکرات بوو کە لە ماوەی پێوەندیدا وەک ئەندامێکی دڵسۆز، هەڵسووڕاو و وەفادار بە خاک و خەڵکی کوردستان دەرکەوت و توانی وەک مرۆڤێکی خاوەن ئیرادەی پۆڵایینی نیشتمانی خزمەت بە گەل و وڵاتەکەی بکات.