کوردستان میدیا: تێکۆشەرانی دێموکرات لە درێژەدانی ڕێگای شەهیدان بەردەوامن و لە شوێنی حەماسەی کۆساڵاندا، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ڕۆژی شەهیدبوونی شەهید "کاوە جەوانمەرد" و شەهید "سەرکەوت سەمەدی" و سەرجەم شەهیدانی کۆساڵان، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
قارەمانانی دێموکرات لە شوێنی حەماسەی کۆساڵاندا، ئەو چالاکییەیان ئەنجام داوە کە شوێنەکان بریتین لە: "چلچەمە، دووڕوو، شوێنی دەرگیریی یەکەمی حەماسەی کۆساڵان، بۆڕیەر و نێو ئەو دارانەی کە دوایین سەنگەری کاکۆ و مامۆستا سەرکەوت بوون".
شەهید "کاوه جەوانمەرد"، کوڕی شەهید "نەجمەدین جەوانمەرد"، ساڵی ١٣٨٠ی هەتاوی لە ڕێگای هاوڕێیانی تەشکیلاتی ناوشاری سنەوە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە گرت؛ ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی بەهۆی ئاشکرابوونی چالاکییەکانی، خۆی گەیاندە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزب و پاش بەشداری لە دەورەی ١٩٣ی سەرەتایی پێشمەرگە، لە بەهاری ١٣٨٩ی هەتاوی، بەفەرمی بەرگی پڕ لە شانازیی پێشمەرگایەتیی پۆشی.
بەهۆی لێوەشاوەییەوە لە کۆنگرەی ١٥ی حیزبدا، بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا. پاش بوونی بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، ئەرکی بەرپرسایەتیی "تیشک تی ویـ"ی لە کوردستان وەئەستۆ گرت و خزمەتێکی شایانی لەو بوارەدا ئەنجام دا. لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی بەرپرسایەتیی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی پێ ئەسپێردرا و لەو ئەرکەشدا شیاویی خۆی نیشان دا.
بەداخەوە ڕۆژی ١٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە گوندی بۆڕیەر، لەگەڵ هاوسەنگەرەکەی، شەهید "سەرکەوت سەمەدی"، شەهید کرا.