کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەوی لەدایکبوونی هاوڕێی هەتاو لە هێزی ١١٥ی پێشمەرگەی کوردستان پیرۆز کرا

18:20 - 1 بەفرانبار 2720

شەوی لەدایکبوونی دوکتور "قاسملوو"، لە هێزی ١١٥ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە بەشداریی کۆمیتەی زاگرۆس سەر بە ڕێکخستنی گشتیی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، کۆمیتەی حیزب لە شاری سۆران و بەرپرسی کۆمیتەی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سۆران یاد کرایەوە.

دەستپێکی ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی سوورخەڵاتی گەلەکەمان دەستی پێکرد.

پاشان مۆمی ٩٠ساڵەی لەدایکبوونی شەهید دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو"، لەلایەن "کوێستان محەممەدی" پێشمەرگەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە کچی شەهید "محەممەد محەممەدییـ"ـە  داگیرسا.

دواتر "فەتحوڵڵا خووبایی"، فەرماندەی هێزی ١١٥ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، وێڕای بەخێرهێنانی میوانەکان، چەند وتەیەکی سەبارەت بە گرینگیی شەوی یەڵدا بۆ گەلی کورد بە گشتی و خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی: "ئاسمانی ساماڵی کوردەواری، ئەمشەو بە لەدایکبوونی ئەستێرەیەکی درەوشاوە، جوانتر لە جاران دەبێت و دوکتوری کوردان دێتە دنیا و لەگەڵ خۆی هیوا و ڕێباز و ڕووناکی دێنێت".

ڕاپۆرتی شەوی یەڵدا لەلایەن "دڵنیا وەیسی" و مێژووی شەوی یەڵدا لەلایەن "شنۆ چایچی" پێشكەش کرا.

دواتر ژیاننامەی دوکتور "قاسملوو" لەلایەن هاوڕێی پێشمەرگە "چەکۆ محەممەدزادە" خوێندرایەوە.

هەروەها کورتەباسێک لەسەر هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی کەسایەتیی شەهید "قاسملوو" وەک: "ئاشتیخوازی، بڕوا بە کاری بە کۆمەڵ، شۆڕشگێڕی، پێویستیی بەشداریی ژنان لە شۆڕش، دێموکراسی و چەند بابەتی دیکە" لەلایەن "ڕامین عومەرزادە" بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە شاری "سۆران" پێشکەش کرا.

بڕگەی دیکەی ڕێوڕەسمەکە گۆرانییەکی کوردی لەلایەن پێشمەرگەی دەنگخۆش "فواد ساحێبی" پێشکەش کرا

پاشان "عەلی محەممەدئەمینی" بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتیی لاوان لە سۆران باسی لە کەسایەتیی دوکتور "قاسملوو" کرد.

فەرماندەیی هێزی ١١٥ وەک پێداگرییەک لەسەر پاراستنی نەزم و دیسیپلینی نیزامی، چەند پێشمەرگەیەکی تەشویق کرد کە بریتیبوو لە: "ئەڤین، کوێستان، چیاکۆ، ئیدریس، وەحید و حەسەن" کە ئەو تەشویقییە لەلایەن "فەتحوڵڵا خووبایی" ، "شەریف یاکێن" و "پۆڵا ئێسکاتـ"ـەوە پێشکەشیان کرا.

لە نێواخنی ڕێوڕەسمەکەدا "عەبدولڕەحمان یووسفی" ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هۆنراوەیەکی پێشکەش بە ڕۆحی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان بە تایبەتی شەهیدانی ڕاسان کرد.

لەلایەن فەرماندەی هێزی ١١٥ی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە لقە گوڵێکی سوور بە نیشانەی هاوکاریی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ئەندامانی کۆمیتەی "سۆران" و هەروەها کۆمیتەی "زاگرۆس" پێشکەش کرا.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکە سروودێک لەژێر ناوی "بە سوورخەڵاتان پەیمان دەبەستم" لەلایەن هاوڕیی پێشمەرگە "ئەشکان " پێشکەش کرا.

پەخشانێک لەژێر ناوی "قاسملوو" لەلایەن پێشمەرگەی کوردستان "هێمن ئیسحاقیـ"ـەوە پێشکەشی کرد.

هەروەها سێ پێشمەرگەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بواری دیسیپلینەوە بە ناوەکانی "ڕێگر جەهان نژاد، ئاڤان وەیسی و سەید ئەنوەر بەدەوی" لەلایەن هێزی ١١٥وە خەڵات کران لە خەڵاتەکان لەلایەن "خاڵۆ" پێیان درا.

بەشی کۆتایی ئەو ڕێوڕەسمە پێشکەشکردنی گۆرانییەکی مامۆستا "محەممەد ماملێ" بوو کە لەلایەن "عەباس بامداد" ئەندامی کۆمیتەی سۆرانەوە پێشکەش کرا.

هەروەها پێشمەرگەی کوردستان "عیرفان" سروودێکی بەم بۆنەوە پێشکەش کرد.

ئەو ڕێوڕەسمە بە کێبڕکێ، داهێنانی مەتڵ و قسەی خۆش کۆتایی پێهات.