کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەوی یەڵدا لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان بەرز ڕاگیرا

16:25 - 2 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: شەوی یەڵدا، شەوی لەدایکبوونی ڕێبەری ئاشتیخوازی گەلەکەمان دوکتور عەبدوولڕەحمان قاسملوو، لەنێو خاکیپۆشان بە پەیمان نوێکردنەوە لەگەل ڕێبازی قاسملوو، بەرز ڕاگیرا.

هەواڵنیری ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" لە چیاکانی کوردستان ڕایگەیاند، ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی شەوی یەڵدا لە هێزی تایبەت لە شاخەکانی کوردستان و لە چەندین مەکۆ و سەنگەری خاکیپۆشان بەو شێوەیەی خوارەوە بەڕێوە چوو:

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خوولەکێک بە بێدەنگی ڕاوەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، بەتایبەت ڕێبەری هەمیشە زیندووی گەلەکەمان دەستی پێکرد.

پاشان چەند وتەیەکی کاک دوکتور سەبارەت بە فەلسەفەی تێکۆشان و چۆنیەتی بەباشی ژیان‌ کردن و بەباشی مردن، بڵاو کرایەوە.

پاشان مۆمی "٨٩" ساڵەی تەمەنی پر لە سەروەریی ڕێبەرەکەمان لەلایەن خاکیپۆشانەوە هەڵ کرا. ئەم ڕێوڕەسمە بە چەندین بڕگەی جۆراوجۆر، وەک: وتار، شێعر، پەخشان، کێبڕکێ، گۆڕانی و دانی خەڵات، ڕازێنرابوویەوە.

لەم کۆڕەدا وتارێک لەسەر کولتووری میترایی، میژووی شەوی یەڵدا و گرینگیی شەوی یەڵدا لەنێو کورداندا و وتارێک لەسەر ژیانی پڕ لە سەروەریی و شانازیی دوکتور قاسملوو پێشکەش کرا.

هەروەها وتارێک سەبارەت بە کەسایەتی و چۆنیەتیی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو لەلایەن فەرماندەی هێزی ١١٥، "بەهمەن دێهقانـ"ـەوە پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

پاشان سروودەکانی "هەستەوە دوکتوری زانا، ڕاسانی ڕۆژهەڵات و چاوەڕێ بن وا هاتن" لەلایەن گرووپی سروودی هێزی ١١٥ و چەند پێشمەرگەی هێزی ١٢٢، پێشکەش کرا و هەستێکی شۆڕشگێرانەیان بە کۆڕەکە بەخشی.

لە درێژەی ڕێوڕەسمی "٨٩"ـەمین ساڵیادی لەدایکبوونی دوکتور قاسملوو، چەندین شێعر و پەخشان و گۆرانی لەلایەن پێشمەرگەکانی هێزەکانی تایبەتەوە پێشکەش کرا.

پاشان چەندین کێبڕکێی هزری و وەرزشی لەلایەن بەشداربووانەوە بەڕێوە چوو کە نەفەراتی یەکەم خەڵات کران و هەروەها بەشێکی دیکە لە خەڵاتەکانی (١٤)ـەمین فێستیڤاڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن بەرپرسانی هەر دوو هێزی ١١٥ و ١٢٢ی سەر بە دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەسەر براوەکانی بەشی نیزامی، سیاسی و وەرزشیدا دابەش کرا.

ئەو ڕێوڕەسمە بە هەڵپەرکێ و گۆرانیی خاکیپۆشان کۆتایی پێهات.

پارێزەرانی سەنگەری شەرەف و باوەڕ لەو شەوەدا، یادی شەهیدانی ئەم دواییانەی کوردستانیان بەرز ڕاگرت.