کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەوی یەڵدا و لەدایکبوونی پەیغەمبەری ئاشتی بەرز ڕاگیرا

11:33 - 30 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ بەرزڕاگرتنی شەوی یەڵدا و لەدایکبوونی ڕێبەری بلیمەتی گەلی کورد، دوکتورعەبدولرەحمانی قاسملوو، بەڕێوە چوو.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢٩ی سەرماوەز، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێوڕەسمێکی بۆ یادکردنەوەی شەوی لەدایکبوونی ڕێبەری زانای گەلی کورد، دوکتور قاسملووی نەمر، بەڕێوە برد.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی یەکیەتیی لاوان بەبۆنەی شەوی یەڵداوە لەلایەن "سامان سەیدئەحمەدیـ"ـیەوە خوێندرایەوە.

لە بڕگەی دواییدا، مۆمی ٨٩ ساڵەی لەدایکبوونی دوکتوری زانا، لەلایەن "بێریڤان حەیدەری" و "چالاک ئیسماعیلی"، یادگارەکانی شەهیدان "شەهاب حەیدەری" و "جەماڵ ئیسماعلیلیـ"ـیەوە هەڵگیرسا.

دواتر، کاک "میرۆ عەلیار"، ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزب، سەبارەت بە کەسایەتیی دوکتور قاسملوو چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

 ناوبراو لە قسەکانیدا وێڕای پیرۆزبایی ئەو یادە، باسی لەوە کرد کە دوکتور قاسملوو سەرەڕای ئەوەی کە تەنیا ٥٩ ساڵ تەمەنی درێژەی کێشا، بەڵام ژیانێکی پڕبەرهەمی بوو کە دەکرێت چەندین کتێبی لەسەر بنووسرێت.

"عەلیار" هەروەها بە ئاماژەدان بە تایبەتمنەدیگەلێکی وەک خاکەڕابوون، سەربەست بوون، مۆدێڕن بوون، بیرمەند بوون و چەندین تایبەتمەندیی دیکەی دوکتور قاسملوو، باسی لەوە کرد کە دەبێ بۆ ناسینی ئەم ڕێبەرە نەمرە، لەسەر هەر کام لەو تایبەتمەندییانەی سێمیناری جیاواز بگیردرێت.

ناوبراو هەروەها وتی: "دوکتور قاسملوو مرۆڤ بوو، بە هەموو تایبەتمەندییەکانی مرۆڤەکانی دیکەوە، بەڵام مرۆڤێکی گەورە".

نێوئاخنی ڕێوڕەسمەکەدا بە چەندین شێعر و گۆرانی، چەند تابلۆیەکی هەڵپەركێ و بەڕێوەبردنی کیبڕكێ ڕازێندرابوویەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەدا لەوحی ڕێزلێنان پێشکەش بەو کەسانە کرا کە لە بەڕێوەبردنی کارەکانی یەکیەتیی لاواندا یارمەتیدەر و هاوکار بوون.

ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەركێی بەشداربووان کۆتایی پێهات.