کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلی دووهەمی کۆرۆنا لە چین نیگەرانیی لە ئێراندا دروست کردووە

12:50 - 26 خاکەلێوه 2720

وڵاتی چین کە بۆ یەکەمین جار ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوێ سەڕی هەڵدا، هەموو ڕێوشوێنێکی گرتەبەر هەتا توانی پێش بە تەشەنەسەندنی ئەم نەخۆشییە بگرێت، بە شێوەیەک کە حەوتوویەک لەمەو پێش ئەم وڵاتە ڕایگەیاند کە لە یەک ڕۆژدا بۆ یەکەم جار بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە کەس نەمردووە.

بەڵام لە ئێستادا حاڵەتی نوێ لە تووشبوون بەم نەخۆشییە لە هەندێک لە ناوچەکانی وڵاتی چین تۆمارکراون، بە شیوەیەک کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ١٠٨ کەس تووشی ئەم نەخۆشییە بوونە و نیگەرانیی دروست کردووە کە شەپۆلی دووهەمی ئەم نەخۆشییە سەرهەڵبدات.

بە وتەی جێگری بەرپرسی گشتیی کۆمیسیۆنی تەندروستیی چین، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ڕۆژانی داهاتوودا زیاتر دەبێت.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە ئێراندا لە حاڵێکدا نیگەرانیی دروست کردووە کە ڕێژیمی ئێران ڕێگەی داوە ئیدارات و کار و کاسبییەکان  لە شارەکانی ئێراندا دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.

جیگری وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوە ڕاگەیاندبوو: ''لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێران ڕێژەی تووشبووان بەم نەخۆشییە کەم بووەتەوە، بەڵام ئێستا ترسی ئەوە هەیە کە ئێران ڕووبەڕووی شەپۆلی دووهەمی کۆرۆنا ببێت''.

لە کاتێکدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا تازە لە وڵاتی چین سەری هەڵدابوو، ڕێژیمی ئێران بەردەوام بوو لە گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ئەو وڵاتە، بە شێوەیەک کە  لە ماوەیەکی کەمدا ئەم نەخۆشییە هەموو ئێرانی تەنی و هەتا ئێستا بەپێی ئامارەکانی خودی ڕێژیم نزیکەی ٥ هەزار کەس بوونەتە قوربانی.