کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلی شەشەمی پەتای کۆرۆنا لە ئێران دەستی پێ کرد

10:31 - 28 رەزبەر 2721

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەر، "پەرویز یەزدان‌پەنا" سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی یاسووج ڕایگەیاند، تووشبووان بە کۆرۆنا لە شارەکانی "کۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد، دێنا و چرام" بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەوە نیشان دەدات کە شەپۆلی شەشەمی کۆرۆنا لەو پارێزگایە دەستی پێ کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا "مێهرداد لوتفی" سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی شیراز وتوویەتی، لە ماوەی ١٦ کاتژمێری ڕابردوودا ڕێژەی سەردانی خەڵک بۆ نەخۆشخانەکان زیادی کردووە و هۆشداریی داوە کە شەپۆلی شەشەمی کۆرۆنا لەو پاریزگایە دەستی پێ کردووە.

هۆشداریی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ دەستپێکی شەپۆلی نوێی کۆرۆنا لەو دوو پاریزگایە لە حاڵێکدایە کە پێشتر بەرپرسانی پەیوەندیدار ڕایانگەیاندبوو کە کۆرۆنا لە چەندین پارێزگا ڕەوتی نەرێنیی هەیە.

پێشتر "بەهرام عەینوڵڵاهی" وەزیری تەندروستیی ڕێژیم وتبووی، لە مانگی خەزەڵوەر شەپۆلی شەشەمی کۆرۆنا دەست پێ دەکات، بەڵام سەرەڕای پێشبینییەکانی بەرپرسان زووتر دەستی پێ کردووە و ئەوەش ناکارامەبوونی ڕێژیم لە ڕەوتی کۆنترۆڵکردنی ئەو پەتایە نیشان دەدات.