کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان و ئێراندا بەردەوامە

13:32 - 12 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: شەپۆلی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا بەردەوامە و بەرپرسانی ڕێژیمیش وڵامی داواکارییەکانیان نادەنەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ١١ی پووشپەڕ، کرێکارانی بەنداوی "کانی سێو" لە شاری پیرانشاردا، بەهۆی وەرنەگرتن و دواکەوتنی مووچەی ٣ مانگیان و گوێنەدانی بەرپرسانی پەیوەندیدار، بە نیشانەی ناڕەزایەتی، مانیان گرتووە.

لە هەمان ڕۆژدا، شۆفیری مینیبووسەکانی شاری "سەراوان" لە پارێزگای بەلووچستاندا، بەهۆی پێنەدانی سووتەمەنیی پێویست و کەمتەرخەمی و وڵامنەدانەوەی بەرپرسانی ڕێژیم، لە پێش بینای فەرمانداریی ئەو شارەدا، مانیان گرتووە.

هەر لەم پەیوەندییە و لە ڕۆژی ڕابردوودا، پێرسۆنێل و کرێکارانی ئاو و ئاوەڕۆی شارستانی "شادگان"، سەر بە پارێزگای ئەحواز، لە هەمبەر پێنەدانی بیمەکانیان، دەستیان لەکار کێشاوەتەوە و لە پێش بینای ئەو بەڕێوەبەرایەتییەدا ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

هەروەها، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٢ی پووشپەڕ، مامۆستایانی خانەنشینکراوی شاری تاران، لە هەمبەر کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پەیوەندیداری ڕێژیم بە داواکانیان، دابیننەکردنی پێداویستییەکانی ژیانیان، پێنەدانی مووچە، دزی، گەندەڵی و فێڵکردنی کاربەدەستانی ڕێژیم، لە بەردەم بینای سەندووقی خانەنشینکراوانی وڵات لەو شارەدا، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

تاکوو ئێستا بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، وڵامی هیچکام لە داواکاری و خواستی سەرجەم ئەو ناڕەزایەتییانەیان نەداوەتەوە و بەپێچەوانەوی گوێگرتن لە داواکانیان، ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕێژیمە، بە دڕندانەترین شێوە هەوڵی سەرکوتی ناڕازییانیان داوە.