کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلی نوێی گرانی، سفرەی خەڵکی ئێرانی زیاتر خاڵی کردەوە

14:06 - 10 جۆزەردان 2720

لە نوێترین ئاماری نرخی شتومەکە خواردەمەنییەکان  کە لە ئێراندا بڵاو بووەتەوە، شەپۆلێکی دیکەی گرانی بەرۆکی خەڵکی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە.

نرخی ئەو پێداویستییە خۆراکییانە کە  بەنیسبەت ساڵی ڕابردووەوە گران بوون بەم چەشنەیە: "نیسک ١١١ لەسەد، چایی بیانی ٧٧ لەسەد، برنجی ئێرانی ٢١.٤ لەسەد، برنجی بیانی ٣٤ لەسەد، پیاز ٣٩.١ لەسەد، گۆشتی گوێرەکە ١٠.٤، مۆز ٣٤.١ لەسەد و باقلە ٦٠.٢ لەسەد".

هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی تەماتە، ماکارۆنی، شووتی و نان و شیرەمەنییەکان بە ڕادەیەکی بەرچاو گران بوون.

سەرەڕای ئەوەی کە ئابووریی ڕێژیمی ئێران تووشی داڕمان بووە و گرانی، بێکاری، نەداری، هەژاری و دەیان قەیرانی تر باڵی بەسەر وڵاتی ئێراندا کێشاوە، بەهای خواردەمەنییە سەرەتایییەکانیش ڕۆژبەڕۆژ ڕووی لە هەڵکشانە.

 جیا لەوەی بەرپرسانی ڕێژیمی دەسەڵاتدار بەسەر ئێراندا پەرە بە گرانی و هەڵکشانی بەهای بازاڕەکان دەدەن، لە ڕاستیدا ڕێژیم توانای چارەسەرکردنی سەرجەم قەیرانە نێوخۆیییەکان و بەتایبەت گرانی و هەڵکشانی بەهای بازاڕەکانی نییە.