کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلی نوێی گرانی لە ئیلام چینی هەژاری هەژارتر کردووە

12:40 - 31 خەرمانان 2720

شەپۆلی یەک لە دوای یەکی گرانی لە ئێران و کوردستان گوشارێکی لەڕادەبەدەری بۆ خەڵک بەتایبەت چینی هەژار هێناوە و ڕۆژبەڕۆژ سفرەی خەڵک بچووکتر دەبێتەوە.

بەرزبونەوەی نرخی مریشک، هێلکە و نان وێڕای بێکاری ئەوەندەی دیکە سفرەی خەڵکی ئیلامی بچووکتر کردووەتەوە.

لەو نێوانەدا توێژی کرێکار و کەمداهات، ژیانیان لەوپەڕی دژواریدا دەڕواتە پێش و بەکردەوە سفرەی بەرەو نەمان دەڕوات؛ وڵامی بەرپرسانیش بەم دۆخە ئەوەیە کە بەسەر بازاڕدا چاوەدێرییان هەیە.

ئەم دۆخە کە لەو پارێزگایە ناڕزایەتیی توندی خەڵکی لێکەوتووەتەوە، جێگری بازڕەسی و چاوەدێری و پشتیوانی لە مافی بەکارهێنەرانی ڕێکخراوی سەنعەت، مەعدەن و بازرگانیی پارێزگای ئیلام، بەنیسبەت هۆکاری کاریگەرنەبوونی سەردان و چاوەدێرییەکان لە بازاڕەکانی ئیلام و بەرزبوونەوەی گرانییەکانی وڵامێکی نەبووە و بێدەنگیی ڕاگرتووە.