کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلی کۆ کردنەوەی ماهوارە لە ناوچەی \"مەرگەوەڕ\"ی ورمێ‌ بەردەوامە

14:58 - 11 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی مەرگەوەڕ دەستیان بەسەر ماهوارەی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەدا گرت.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم هێرشیان بردۆتە سەر گوندی خۆراسپ لە ناوچەی مەرگەوەڕ و ژمارەیەکی بەرچاو لە دیشی ماهورەی هاووڵاتییانیان کۆ کردۆتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا گوندەکانی دزێ‌، مۆرزن و ژەرەژش لە شەپۆلی کۆ کردنەوەی ماهوارە لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە بێبەری نەبوون.
چەند رۆژ لەمەوبەریش هێزەکانی رێژیمی ئێران لە گوندەکانی گردۆڤان، قایر، تۆبزاوا، هەلەج و ئوردووگای زێوە لە ناوچەی مەڕگەوەڕی سەربە پارێزگای ورمێ وێڕای بێ‌حورمەتی بە هاووڵاتییان، ژمارەیەکی بەرچاو ماهوارەیان زەوت کردبوو.
ئیستا ماهوارە لە سەرجەم دونیادا بۆتە بەشێک لە ئیمکاناتی ژیانی هاووڵاتییان و هەروەها بە وەرگر (گیرندە) و نێرەر (فرستندە)یەکی گرینگ بۆ سەرجەم وڵاتان دێتە ئەژمار.
بەشێکی بەرچاو لە وڵاتانی جیهان لە هەوڵی ئەوەدان کە کەرەسەی باشتری ماهوارەیی بە مەبەستی خزمەتگوزرایی هاووڵاتییان بەرهەم بهێنن.
چەند رۆژ لەمەوبەریش سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ یەکەمین جار و هاوکات لەگەڵ رۆژی عاشوورا مەراسمێکی نوێی لەژێر ناوی جێژنی مەرگی ماهوارە لە شاری گوهەران لە پارێزگای هورموزگان بەڕێوە برد.
لەو مەراسمەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە دیشی ماهوارەی هاووڵاتییان لە ئاگردا سووتێندران.