کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلێکی بەفر و باران شارەکانی کوردستانی گرتەوە

12:58 - 17 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: لە زۆربەی شارەکانی کوردستان، پلەی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، کە بووەتە هۆی بارینی بەفر و باران و زۆربەی ڕێگاوبانەکان بەستراون.

لە ڕۆژی ڕابردووەوە، شەپۆلێکی فراوانی بەفر و باران شارەکانی کوردستانی گرتووەتەوە و لە زۆرێک لە شارەکاندا بەفر باریوە، کە بووەتە هۆی بەستنی ڕێگاوبانەکان.

لە ملەکانی ژاڵانەی هەورامان، مرواریی کامیاران، خانی بانە و مامۆخی سنە بەفرێکی زۆر باریوە.

هەروەها لە بەرزایی و گوندەکانی شارەکانی مەریوان، پاوە، بانە و سنەیش بەفرێکی قورس باریوە.

بارینی ئەم بەفرە کێشەی بۆ هاتووچۆی خەڵک دروست کردووە و بووەتە هۆی داخرانی هەندێک لە ڕێگاکانی ئەم ناوچانە.

خەڵکی بۆ پاراستنی گیانی خۆیان لە کاتی شۆفێریکردندا، کەڵک لە زەنجیری تایەی وەر دەگرن، هەتا تووشی ڕووداوی نەخوازراو نەبن.