کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوان بینەرانی تۆپی‌پێ و هێزەکانی ڕێژیم لە شاری تەورێز

12:42 - 31 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: لە یارییەکی تۆپی‌پێی نێوان دوو تیمی ئێراندا لە شاری تەورێز، شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوان بینەران و هێزەکانی ڕێژیمی ئێران ڕووی دا.

ڕۆژی هەینی، ۳۰ی خاکەلێوە، لە یاریی تۆپی‌پێی نێوان تەراکتۆرسازی و پەیکان، کە لە یاریگەی شاری تەورێز بەڕێوە چوو، لایەنگرانی تیمی تەراکتۆرسازی، دروشمگەلێکی سیاسیی ئازادیخوازانە و دژی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان گوتووەتەوە کە تووڕەیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانی لێ کەوتەوە و هەوڵی بێدەنگکردن و سەرکوتی لایەنگرانی ئەو تیمەیان داوە، کە لە ئاکامدا شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوان هانەدەران و هێزەکانی ڕێژیمدا هاتووەتە ئاراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاش ئەوەی کە لایەنگرانی تیمی تەراکتۆرسازی دروشمگەلێکی سیاسیی ئازادیخوازانە و دژەبە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان گوتووەتەوە، هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم هەوڵی بێدەنگکردنیانیان داوە، بەڵام لایەنگرانی ئەو تیمە بێدەنگ نەبوونە و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە ماشینی ئاوپاش و باتوم هێرشیان کردووەتە سەریان.

هێرشی هێزەکانی ڕێژیم تووڕەیی لایەنگرانی تیمی تەراکتۆرسازی لێ کەوتەوە و دەستیان دایە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەرین و هێزەکانی ڕێژیمیش هێرشەکانی خۆیان چڕتر کردەوە و لە ئاکامدا شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزەکانی ڕێژیم ڕووی دا، کە هەتاکوو درەنگانی شەو درێژەی هەبووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای ڕاگەیاند، پاش ئەوەی کە تووڕەیی لایەنگرانی ئەو یارییە بە هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم سەرکوت نەکرا، هێزێکی دژە شۆڕشی سپای تێرۆریستی پاسداران بە هاوکاری هێزێکی حەشدی شەعبی، بە باتوم، گازی فرمێسکڕێژ و کەرەستە سەرکوتکەرەکانی تر، بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیان کردووەتە سەر لایەنگرانی ئەو یارییە و ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران و ناڕازیانیان بریندار کردووە.

لەم پەیوەندییەدا، هەواڵە بڵاوکراوەکان باس لە برینداربوونی زیاتر لە پەنجا (۵۰)  کەس لە لایەنگرانی تەراکتۆرسازی و کەسێک لە تیمەکانی فریاکەوتن و چەند کەسێکیش لە هێزەکانی ڕێژیم دەکەن، بەڵام ئەگەری زۆری هەیە، ئاماری برینداربووان زیاتر لەو هەواڵانە بن کە بڵاو کراونەتەوە.