کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزەکانی ڕێژیمدا ڕووی دا

13:05 - 14 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: خەڵکی پارێزگای خووزستان، بە هۆی ئەوەی کە ڕێکخراوی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ویستوویەتی ڕێڕەوی لاوفاوەکە لە گوندی جلیزی بگۆڕێت، لەگەڵ ‌هێزەکانی ڕێژیمی ئێران تووشی شەڕ و تێکەڵچوون بوون.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دوای ئەوەی کە کاربەدەستانی سپای ڕێژیم، بە بیانووی کونتڕۆڵی لافاو، ویستوویانە ڕێڕەوی ئاوەکە بگۆڕن، لە نێوان خەڵک و هێزەکانی ڕێژیمدا شەڕ و پێکدادان ڕووی داوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان لە شەڕ و پێکدادانی نێوان خەڵک و هێزەکانی ڕێژیمدا، چەندین کەس بریندار بوونە. هێزەکانی ڕێژیمی ئێران، بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵکی ناڕازی کەڵکیان لە گازی فرمیسکڕێژ گرتووە و تەقەی ڕاستەوخۆیان لە خەڵک کردووە.

بەپێی هەواڵەکان، هاووڵاتییەکی ناڕازی لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی ڕێژیم کوژراوە و چەندین کەسیش بریندار بوونە، کە دۆخی جەستەییان باشە.

"یووسف عەزیز بنی تڕۆف"، یەکێک لە چالاکانی عەرەبی ئەهوازی، باسی لەوە کردووە، کە "عەبوود خەلف"، ئەو کەسەیە کە کوژراوە.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن، مەئموورانی ڕێژیمی ئێران بە تەقاندنەوەی چەند شوێنی پاشکەوتی ئاو، ویستوویانە ڕێڕەوی ئاوەکە بگۆڕن هەتا دامەزراوە نەوتییەکانی ڕێژیم هیچ خەسارێکی پێ نەگات، بەڵام خەڵکی خووزستان دژی ئەو کارەی ‌هێزەکانی ڕێژیم هەڵویستیان گرتووە و لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم تووشی شەڕ و تێکەڵچوون بوونە.

حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە بارەی هەوڵەکانی سپا بۆ پێشگرتن لە زیاتربوونی خەسارەکان لێدوانی داوە و بە کارگەلێکی بێسوود ناوزەدی کردوون و وتبووی: "بۆم جێگای پرسیار بووە، کە بۆچی ئاو لە ئاق‌قۆلا و گۆمیشانەوە دەرناچێت. جادە و ڕێگا ئاسنەکانیان تێک داوە؛ ئەمە هیچ کاریگەرییەکی نەبووە، ئاو لە ئاراستەیەکەوە بۆ ئاراستەیەکی دیکە چووە. بەم کارە لافاو لە ئا‌ق‌قۆلاوە بۆ گۆمیشان ڕۆیشتووە.

کارناسان باس لەوە دەکەن، دروستکردنی ماڵ و بینا لە لێواری ڕووبارەکان و دروستکردنی بەنداو لە دارستانەکان و لەنێوبردنیان، کە زۆربەی ئەم پرۆژە و کارانە لە لایەن سپاوە ئەنجام دراون، هۆکاری بەرزبوونەوەی خەسار و زیانەکانی ئەم لافاوانەن.