کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕ و پێکدانان لە نێوان خەڵک و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم ڕووی دا

12:30 - 27 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: مەئموورانی هێزی ئینتزامیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و خەڵکی ناوچەی هەورامان تووشی شەڕ و پێکدادان بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی خاکەلێوە، دوای ئەوەی کە هێزه ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە جاددەی هەجیج ـ نۆدشە کەمینیان بۆ کاسبکاران دانابوو، لەگەڵ دژکردەوەی خەڵک بەرەوڕوو بوونەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، باسی لەوە کرد، کاروانێک لە کاسبکاران کە لە کەمینی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کەوتبوون، هاووڵاتییانی کورد نەیانهێشت کە کەلوپەلی ئەو کاسبکارانە بکەوێتە دەستی ئەو هێزانەی ڕێژیمەوە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، دوای ناڕەزایەتیدەربڕینی هاووڵاتییانی کورد، بەو کردەوەیەی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران، ئەو هێزانەی ڕێژیم بە ناچاری پاشکشەیان کرد و نەیانتوانی دەست بە سەر کەلوپەلی هاووڵاتییاندا بگرن.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ کۆڵبەران و کاسبکاران لە کوردستاندا، لەژێر ناوی "قاچاخچییانی کاڵا" بە توندی هەڵسوکەوت دەکات و ئەوەش لە کاتێکدایە، کە بە هۆی ئەوەی کە لە کوردستاندا دەرفەت و هەلی کار نییە، خەڵک بە ناچاری ڕوو لە کاری کۆڵبەری دەکەن.