کەریم پەرویزی
دەسەڵاتەکان و بەتایبەت دەسەڵاتە ئیدئۆلۆژیکەکان بۆ بەردەوامیی خۆیان و بۆ ئەوەی کە خەڵک لە چوارچێوەی گوتاری زاڵی ئەواندا بمێننەوە و هەر لەو چوارچێوەیەدا بیر بکەنەوە، زۆربەی کات و بە درێژایی تەمەنیان هەوڵی دروستکردنی "دوانەی دژبەیەک" دەدەن کە خەڵک ناچار بکرێن لە نێوان ئەو دوو رێگا بە رواڵەت دژبەیەکەدا یەکێکیان هەڵبژێرن و هەموو کاتیش جۆرێک ئەو دژبەیەکییە دەنوێنن و روومەتی بۆ ساز دەکەن کە خەڵک ئەوەیان کە بە دڵی دەسەڵاتی زاڵە هەڵبژێرن.
لەو بوارەدا دەسەڵاتی ئیدئۆلۆژیک و سەرەڕۆی کۆماری ویلایەتی فەقیهیش بە ئەزموون وەرگرتن لە دەسەڵاتی ستالینیستی، هەوڵی زۆری بۆ لەبەرامبەر یەکدا قەراردانی دوو چەمک و دژایەتیی رواڵەتی سازکردن لە نێوانیاندا و ناچارکردنی خەڵک بۆ هەڵبژاردنی رێگای دڵخوازی رێژیمی داوە. بۆ وێنە لە دەسەڵاتی ستالینیشدا ئەو دووانەی دژ بەیەکە ساز کرابوو کە " شۆڕشی ئۆکتۆبر و دەسەڵاتی پرۆلتاریایی ستالینت پێ باشە یان خوێنمژیی ئیمپریالیزم؟!" کە لە نێوەڕۆکدا ئەو دوو چەمکە دژبەیەک نەبوون و شتێکی سازکراو بوو.
کۆماری ئیسلامیش هەر لە سەرەتاوە بە رێفراندۆمە چەواشەکارانەکەی، پرسیاری لە خەڵک کرد کە " کۆماری ئیسلامیت دەوێ یان گەڕانەوە بۆ پاشایەتی؟!" کە ئەم دوو چەمکە لە نێوەڕۆکدا نەک دژایەتییان نییە و هەر یەک شتن و تەنیا سیمای پاشا گۆڕا بۆ وەلیی فەقیه.
ئەم جۆرە لە گوتارسازی زۆر جار لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی درێژەی کێشاوە و لە کاتی شەڕی ئێران و عێراقدا دژایەتیی شەڕ یەکسان کرابوو بە خەیانەت بە وڵات و بەشدارینەکردن لە کۆڕ و رێورەسمەکانی کۆماری ئیسلامی یەکسان بوو بە دژایەتی لەگەڵ ئیسلام. یان لە سێناریۆی بەناو ئیسڵاخوازیدا، "رێفۆرم یان کوشتار؟" کرابوو بە دووانەی دژ بەیەک کە هەر کەس لەگەڵ رێفۆرم نەبێ ئەوە خوازیاری خوێنڕشتنە! لە کاتێکدا هەر هەمان رێفورمخوازەکانی نێو کۆماری ئیسلامی تیۆریسیەن و بەشێک لە بەڕێوەبەرانی کوشتار لە ئێراندا بوون و بۆیان بکرێ دووبارەی دەکەنەوە.
لەم ماوەیەدا هەوڵی زۆریش دراوە کە دوو چەمک بەناوی "شەڕخوازی" و "ئاشتیپارێزی" بەرهەم بهێنرێ و ئەو دوو چەمکە لە بەرامبەر یەکدا دابنێن و وا لە مێشکی خەڵک جێ بخەن کە هەر کەس "ئاشتیپارێز" نەبێ، ئەوە شەڕخوازە!
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە نێو ئێراندا شتێک بەناوی ئاشتی بوونی نییە تا بپارێزرێ! لە کاتێکدا کە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی بە هەموو شێوەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووری شەڕی بە دژی خەڵکانی ئێران و نەتەوە ستەملێکراوەکان راگەیاندووە و سەدان هەزار کەس دەربەدەر و ماڵوێران کراون و رۆژ نییە پرۆژەی ئێعدام و موعتادکردنی لاوان و ئەشکەنجە و ئازاری خەڵک و بەتاڵانبردنی سامانی وڵات و ژیانی کۆمەڵگا و ... بەڕێوە نەچێ، و لە هەمووی گرنگتر رێژیم بە فەرمانی جیهاد، هێرشی کردۆتە سەر کوردستان و هەموو شاخ و دۆڵێکی کوردستانی لە هێزی داپڵۆسێنەری تیرۆریستی تەنیوە. لە وەها دۆخێکدا شتێک بە ناوی ئاشتی بوونی نییە بەڵکوو ئەوەی هەیە "دۆخی داسەپاوی ستەمکارانە"یە.
گوتارسازیی رواڵەتیی دەسەڵاتی ئیدئۆلۆژیکی تاران نابێ رێگەی پێ بدرێ بێتە نێو مێشک و بیری ئازادیخوازانەوە، خەباتی خەڵک بۆ تێکدانی دۆخی ستەمکاری و گەیشتن بە ماف، ناوی لێ نانرێ شەڕخوازی بەڵکوو پێی دەوترێ خەباتی گەل لە پێناوی رزگاری و گەیشتن بە ئازادیدا.