کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی نێوان کۆماری ئازەربایجان و ئەرمەنستان و دەوری کۆماری ئیسلامیی ئێران

10:27 - 17 رەزبەر 2720

د. میرۆ عەلیار

تێکهەڵچوونی خوێناویی ئەو دواییانەی کۆمارەکانی ئازەربایجان و ئەرمەنستان لە ٦ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی = ٢٧ی سپتامبری٢٠٢٠ی زایینییەوە دەستی پێکرد و ئێستاش هەر درێژەی هەیە.

لەو ماوەیەدا لەلایەن ڕاگەیەنەرە گشتییەکانەوە هەواڵێکی زۆر لەسەر شەڕی ئەو دوو وڵاتە و دەستێوەردانی هێندێک لایەنی دەرەکی بڵاو بوونەتەوە. تورکیە ڕایگەیاندووە کە بەتەواوی پشتگیری لە کۆماری ئازەربایجان دەکات.

هەواڵێک باس لە گوازرانەوەی چەکوچۆڵی شەڕ لە خاکی ئێرانەوە بەرەو ئەرمەنستان دەکات. ئێران ئەو هەواڵەی وەدرۆ خستۆتەوە، کۆماری ئازەربایجان بەڵام ئێرانی بە لایەنگری لە ئەرمەنستان تۆمەتبار کردووە. وێناچێ ئەو هەواڵە دروست کرابێ یان لە ئاسمان ڕا هاتبێ!

چەند ڕۆژێکە نوێنەران و نزیکانی "آیت اللە علی خامنەای" و دەوڵەت دەستیان کردووە بە تەبلیغات و لایەنگری و حەقپێدان بە کۆماری ئازەربایجان. هەموویان داکۆکی لە یەکپارچەیی خاکی کۆماری ئازەربایجان دەکەن، قەرەباغیان بە خاکی جیانەکراوەی "کشور اهل بیت" و "پارە تن اسلام" داناوە، فرمێسک بۆ گەلی موسوڵمانی ئازەربایجان هەڵدەوەرێنن و داوای "چۆڵکردنی ناوچە داگیرکراوەکانی کۆماری ئازەربایجان" لەلایەن ئەرمەنستانەوە دەکەن.

بەڵام سیاسەت و ئاکارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ٤٢ ساڵی ڕابردوو لە ناوچەدا پێمان دەڵێ کە ئەو قسە و دروشم و فرمێسکانەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆماری ئازەربایجان دووڕووانە و ناسادقانەیە و لەگەڵ سروشتی ئەو ڕێژیمە ناگونجێن!

 وردبوونەوە لە بارودۆخەکە ڕاستبوونی ئەو بۆچوونە دەردەخا و دەیسەلمێنێ کە ئێران خێری لەو شەڕەدایە و بەتایبەتی بەرژەوەندیی خۆی لە لاوازبوون و تێکشکانی کۆماری ئازەربایجاندا بەدی دەکات:

یەک: لە مارسی ١٩٩٢ی زایینییەوە کۆماری ئازەربایجان پەیوەست بووە بە "شووڕای هاوکاریی ئاتلانتیکی باکوور- ناتۆ"  و لە ساڵی ١٩٩٤وە ئەندامە لە "بەرنامەی هاوکاری بۆ ئاشتی" کە ئەویش هەر سەر بە ناتۆیە. ئێران زۆر لەو مەسەلەیەوە بەرتەنگە.

دوو: لە ساڵی ١٩٩٢ی زایینییەوە هاوکاری و پێوەندییەکانی کۆماری ئازەربایجان لەگەڵ وڵاتی ئیسرائیل لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، ئەمنییەتی و نیزامیدا لە گەشەی بەردەوامدایە.

ئێران لەو ڕەوتە تۆقیوە کە نەکا کۆماری ئازەربایجان پایگا بدات بە ئیسرائیل و ئیسرائیل ببێت بە جیران و هاوسنووری ئێران! ئەو دڵەڕاوکەی ڕێژیم لە وتووێژی "علی اکبر ولایتی" لەگەڵ "کیهان" لە  ١٤ی ڕەزبەری ١٣٩٩ زۆر بەجوانی دەردەکەوێ.

سێ: ئەگەر کۆماری ئازەربایجان براوەی شەڕ لەگەڵ ئەرمەنستان بێ، بەهێزتر دەبێ و بە بڕوابەخۆبوونێکی زیاترەوە دەتوانێ پێوەندییەکانی لەگەڵ ئێران ڕێک بخاتەوە!

دۆخەکە ڕەنگە ببێت بە هاندەرێک بۆ کۆماری ئازەربایجان کە لە مەوزەعی قودرەتەوە بە گوڕوتینێکی زیاترەوە و ڕاشکاوانەتر پرسی یەکگرتنەوە لەگەڵ ئازەربایجانی ئێران بێنێتەوە گۆڕێ.

پرسەکە ئەگەر بە جیدیش نەبێ، باکوو دەتوانێ وەک کارتێکی کاریگەری فشار دژ بە ئێران بە کاری بێنێ و بەتایبەتی لە دەریای خەزەردا ئیمتیازی زیاتر لە کۆماری ئیسلامی بستێنێ. لە ململانەیەکی ئەوتۆدا، ئەمریکا و ئیسرائیل پشتی کۆماری ئازەربایجان دەگرن.

لە ڕابردوودا دیتراوە کە ئێران کۆماری ئازەربایجانی بە هاندان و پشتیوانی لە "جیاوازیخوازن" تاوانبار کردووە.

چوار: لە ئەگەری سەرکەوتنی کۆماری ئازەربایجان لەو شەڕەدا، سنووری هاوبەشی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئێران دەگاتە ١٣٠ کیلۆمیتر.

پێنج: سەرکەوتنی کۆماری ئازەربایجان بەمانای پەرەسەندنی نفووزی تورکیە وەک خەنیمێکی گرنگی ناوچەیی ئێرانە.

شەش: کایەکردنی کۆماری ئیسلامی بە کارتی مەزهەب، کاریگەریی نەماوە و ڕۆژ بە ڕۆژ کاڵتر دەبێتەوە.

ئێستا ئەگەر هەموو ئەو فاکتەرانەی سەرەوە لەگەڵ سیاسەت و ئیدئولوژی و کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران لە پەنای یەک دابنێین، بەو ئاکامە دەگەین کە کۆماری ئیسلامی ئەوجارەش فرمێسکی درۆ و دووڕوویی بۆ دوو گەلی ئەرمەنی و ئازەری هەڵدەوەرێنێ و بەتەمای پەلهاویشتن و دەخاڵەتکردنە لە کۆماری ئازەربایجان بەو مەبەستە لە نێوەوەی وڵاتەکە ئاژاوە بنێتەوە و دۆخی کۆماری ئازەربایجان بشێوێنێ و ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکان بە قازانجی خۆی بگۆڕێ.

ئەگەر ئەو لێکدانەوەیە بە ڕاست دەرچێ، دەبێ چاوەڕوانی هەواڵی دروستکردنی تاقم و گرووپگەلی چەکداری بەکرێگیراو لە نێوخۆی ئازەربایجان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بین، بۆ ئەوەی شەڕەکە درێژە بکێشێ و هەر دوو وڵات، بەتایبەتی کۆماری ئازەربایجان، ئەوەندە لاواز و ناسەقامگیر و بێهێز و بێ توانا بێت کە نەپەرژێتە سەر ئێران و نەبێتە کێشە بۆ کۆماری ئیسلامی و تاران بەو شێوەیە بەرەنگاری نفووزی زیاتری ئیسرائیل لەو وڵاتە بێتەوە.

وەبیر خۆمانی بێنینەوە. کۆماری ئیسلامی هەر بە نسوی دیفاع لە مافی گەلی موسوڵمانی فەلەستین پەلی هاویشتە نێو پرسی فەلەستینەوە، جووڵانەوەکەی لەنێوەوە دابەش و لاواز کرد، شەڕی نێوخۆی هەڵایساند و پرسی فەلەستینی لە ئەولەوییەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی خست.

کۆماری ئیسلامی هەر بە نسوی دیفاع لە گەلانی موسوڵمانی عێراق و لوبنان و سووریە و پاراستنی "تمامیت ارضی"یان خۆی گەیاندە ئەو وڵاتانە، تاقمگەلی چەکداری بۆ دروست کردن، چەک و پارەی لە ئیختیار دانان، ئاوری شەڕی نێوخۆی خۆش کرد و تووشی ناسەقامگیری و قەیرانگەلی هەمەلایەنەی کردن.       

ئێستا نۆرەی کۆماری ئازەربایجان، ئەرمەنستان و ناوچەی قەفقازە!

تەنیا دڵخۆشیی کۆماری ئیسلامی لەو پێەوەندییەدا ئەوەیە کە ڕەنگە ڕووسیەش خوازیاری بەهێزتربوونی کۆماری ئازەربایجانی نزیک لە ناتۆ و ئەمریکا نەبێ.

ئەگەر ئەو شەڕە بخایەنێ، لەوانەیە ناوچەکە بەرەو ئاژاوە و تێرۆر و ناسەقامگیری بەرێ و دەرفەت بۆ وڵاتانی دەرەکی، بەتایبەتی بۆ کۆماری ئیسلامی بخوڵقێنێ دەستی تێوەر بدا و ئەرمەنستان و ئازەربایجانیش تووشی چارەنووسی لوبنان و سووریە و یەمەن و... بکات.

بەو هیوایە کە کۆمارەکانی ئازەربایجان و ئەرمەنستان بۆ چارەسەریی کێشەکانیان بکەونە دیالۆگ و وتووێژەوە و لەژێر چاوەدێریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕێگاچارەی هاوبەش بۆ کێشەکەیان بدۆزنەوە و ڕێگە بە کۆماری ئیسلامی نەدەن وڵاتەکانیان لێ کاول بکات.