کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی نەرم و چەواشەکاریی ڕێژیمی ئێران لە دژی کورد

12:28 - 8 رێبەندان 2720

محەممەد ساڵح قادری

پڕ ئاشکرایە کە درووستبوون، بەردەوامی و پێشکەوتنی هەر جۆرە حکوومەت و دەسەڵاتێکی کوردی لە هەر شوێنێک، لەبەر ئەوەیکە لەماوەی درێژخایەندا دەتوانێ کاریگەری لەسەر دۆزی کورد بە گشتی دابنێت، دەوڵەتانی ناوچەکە چاویان پێی هەڵنایە. ئێرانیش وایە. بۆیە بەردەوام بەشێوەی جیاجیا هەوڵی لاوازکردن و درووستکردنی ڕوخسارێکی خراپ و شێواو لە بزاڤی سیاسی کورد بە گشتی دەدات. بۆ ئەمەش کەڵکی لە ئامرازەکانی سەختەهێز و نەرمەهێزیش وەرگرتووە.

دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن و میدیای ئێرانی کە ڕاستەوخۆ لە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵی بەیتی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمدایە، بە هاوکاری سوپا و کاناڵە دیپلۆماسییەکانی وەزارەتی دەرەوەیان، سەرچاوەی سەرەکیی شەڕی نەرمی ئەو ڕێژیمەن و لە چوارچێوەی پلانێکی ستراتیژیکیدا، بەمەبەستی دژایەتیکردنی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و سووکایەتی کردن بە هێزی پۆڵایینی پێشمەرگە و شکاندنی ڕێبەرانی کورد، هەرجارە بە فۆرمێکی جیاواز و بە شێوەیەکی دوور لە ئەخلاقی میدیایی، بە چەواشەکردنی ڕاستییەکان و مێژوو، جۆرەها نووسراوی ناراست و چەندین دراما و فیلمیان دروست کردووە و ماشینی گەورەی پڕوپاگەندەیان بۆ دژایەتیکردنی سیستماتیکی بزاڤی سیاسی و خەڵکی کوردستان خستۆتەگەڕ.

ڕێژیمی ئێران لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا دەیان پیلانی جۆراجۆریان لە دژی کورد لە کوردستانی باشوور گێڕاوە و چ بە ڕێی هەوڵدان بۆ خۆشکردنی ئاگری ناکۆکیی نێوخۆیی بێت، یان لەڕێی دەستوەردانی ئەمنی و سەربازی، یاخود پڕوپاگەندەی ڕەش، بەردەوام هەوڵی لەنێوبردن، یان خراپ کردنی ڕوخساری دەسەڵاتی کوردیان لە کوردستانی باشوور داوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی ڕەوایی پێدان بە ئەو دوژمنایەتی کردنەی، بەردەوام حکومەتی هەرێمی کوردستانی وەک ئیسرائیلی دووهەم و دەسکردی ئەجێندای بیانی ناو بردووە و لە ڕاستای ئەو مەرامە شەڕئەنگێزییەیدا، لە سەردەمی سەرۆکوەزیریی مالیکی لە عێراق، دوای سیناریۆی بەهەڵاتندانی زیاتر لە هەزار کەس لە زیندانیانی ئەلقاعیدە لە بەندیخانەی ئەبووغۆرەیبی عێراق و هاوکاری کردنی لە دروستبوونی داعش، بناخەی پیلانە گەورەکەیان بۆ لەنێوبردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دانا و دواتر توانییان ئاراستەی هێرشی داعش لە شام و بەغداوە بەرەو کوردستان بگۆڕن.

لەگەڵ دەستپێکردنی پەلاماری داعش بۆ سەر ناوچەکانی مووسڵ و دەوروبەری، دیتمان هێزی هەزاران کەسیی ئەرتەشی عێراق و میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە مالیکی سەرۆکوەزیران فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بوو، سەرەڕای پێبوونی ئەو هەموو چەکە قورسە و تانک و زرێپۆش، بەڵام نەیانتوانی لە بەرانبەر پەلاماری تێروریستانی داعشدا خۆ ڕابگرن و تووشی هەرەس و داڕمان بوون و یەک لەسەر سێی خاکی عێراق (ناوچە سوننەنشینەکان)ی بەبێ خۆراگری، وەک سیناریۆیەکی لەپێشدا داڕێژراو، ڕادەستی تیرۆریستانی داعش کرد.

کاتێک کە داعشییەکان توانییان بەو چەکوچۆلە زۆروزەوەندەی کە کەوتبووە دەستیان، پەلاماری شەنگال بدەن و ئەو کارەساتە مرۆییە بەسەر کوردی ئێزدی بێنن، ئەوجا داعشییەکان بە هاندانی ئێرانییەکان پەلاماری ناوچەکانی دیکەی کوردستانیان دا. هێزی پێشمەرگەش، بەو ئیمکاناتە لاوازەی کە پێیان بوو، خۆیان ڕێکخستەوە و بەرەبەرە هێرشە سەرەتاییەکانی داعشیان تێکشکاند. ڕاست لەو کاتەدا ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی شوێن پێ بزرکردنی لەو پیلانەی دژ بە خەڵکی کوردستان، بە ناردنی قاسم سلێمانی تیرۆریست و بە پێدانی چەند گولە تۆپ و فیشەکی ژەنگاوی، هاوکاریی پێشمەرگەیان کرد بۆ ئەوەی گومانی هاندانی داعش بۆ پەلاماردانی کوردستان لە سەر خۆیان بڕەوێننەوە.

لە درێژەی شەڕ لەگەڵ داعشدا کە هەزاران پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون، هێزی هاوپەیمانان بۆ شەڕی داعش، کە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و بە بەشداریی ئەورووپا و چەندین وڵاتی دیکە پێکهاتبوو، بەو خۆڕاگریییەی هێزی پێشمەرگە و جەنگاوەرانی کورد کە وەک تاکە ئومێدی تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش لە گۆڕەپانی شەڕدا، مێرخاسانە ڕۆڵیان دەگێڕا، زۆر سەرسام ببوون بۆیە دەستیان کرد بە ناردنی هاوکاریی لۆجستیکی بۆ پێشمەرگە. کاتێک کە ئێرانییەکان ئاگاداری ئەو بابەتە بوون، ئۆقرەیان لێ بڕا و بە دنەدانی حکوومەتی عێراق، ڕێگرییان لە گەیشتنی بەشی زۆری ئەو هاوکارییانە کرد تاکوو نەگەنە دەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. ئەمە لەکاتێکدا بوو کە حکوومەتی عێراق هەموو میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی لە عێراقدا بە پێی یاسا وەک بەشێک لە هێزی بەرگری عێراق پەسند کردبوو و مووچەیانی بۆ بڕیبوو و چەکوچۆڵێکی زۆریشی خستبووە بەردەستیان.

ئەگەر ئێرانییەکان بەڕاستی شەڕی داعشیان کردووە، بۆچی سەرکردەکانی داعش و ئەلقاعیدە لە ئێران دەحەسانەوە؟ بۆچی داعش تەنیا ماڵ و خاکی سوننە و کوردەکانیان وێران دەکرد و ئەوانی تووشی کارەساتی مرۆیی دەکرد؟ بۆچی کاتێک کە تیرۆریستانی داعش گەیشتنە نزیک بەغدا، ڕاوەستان و ڕوویان کردە کوردستان و پەلاماری کوردستانیان دا؟ بۆچی کەس ناپرسێ ئەو داعشەی کە ئێرانییەکان بە مەجووسی ناوی دەبەن، بۆ چرکەیەکیش ڕووی چەکەکانیان وەرنەسووڕاندووە دژ بە ئێران؟

لە درێژەی دوژمنکاری ئێرانییەکان بۆ سەر کوردستانی باشوور، دوای ئەوەیکە پیلانی داعش لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە پووچەڵ کرایەوە، کاتێک خەڵکی کوردستان ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیان بە سەرکەوتوویی بەڕێوە برد، ئەوجار دیتمان هەمان لەشکری هەڵاتووی عێراق، بە پیلانی ڕاستەوخۆی ئێران و میلیشیاکانی،  پەلاماری کوردستانیان دا و توانیویان کەرکووک و چەندین ناوچەی دیکەی کوردستان کە بە گیانبازی پێشمەرگە لە دەست داعش ڕزگار کرابوون، داگیر بکەن و گەلی کوردستان ڕووبەڕووی چەندەها پیلانی دیکەی هەرێمی و ناوخۆیی بکەنەوە.

بەدڵنیاییەوە دروستکردنی ئەم کورتەفیلمانەی لەم دواییانەدا لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، تەنیا بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵکی ساویلکە و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتییە و ئەوەیکە قاسم سلێمانی تیرۆریست پاڵەوانی تێکشکێنەری داعش بووبێت، درۆیەکی شاخدار و دوور لە ڕاستییە. چونکە ئەگەر ئێرانییەکان ئەوەندە ئازان، بۆچی سەرەڕای خەرجکردنی میلیاردها دۆلار و تەرخانکردنی دەیان هەزار هێزی بەکرێگیراوی خۆیان لە سووریە، تا ئێستاش نەیانتوانیوە هەیمەنەی داعش لە سووریا بەتەواوی تێکبشکێنن؟ ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئێرانییەکان نەیانویستووە ئەم گرووپە تیرۆریستییە لە دەست بدەن، چونکە بە هۆی داعش لە سوریا و عێراق، بەردەوام هەوڵی چەوساندن و گۆڕینی دیموگرافی ناوچە سونییەکان و بەتایبەتی دوژمنایەتی کردنی هەرێمی کوردستانیان داوە. 

شاراوە نییە کە لە کاتی خۆیدا، لەلایەن سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانەوە، چەندین جار لە بۆنە جیاوازەکاندا، سوپاسی هەموو لایەنەکان و بەتایبەت بە ناحەقی و بە زیادیشەوە سوپاسی ئێرانییەکانیان کراوە کە هاوکارییان گەیاندووە پێشمەرگە؛ بۆیە دەڵیم بە ناحەقی، چونکە لە سێ دەیەی ڕابردوودا ئێرانییەکان بەردەوام هەوڵی ناسەقامگیری حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان داوە و بە نانەوەی ئاژاوە، بە ناردنی تیرۆریست و تەقاندنەوە، بە ناردنی مادەی هۆشبەر و پەرەستووەکانی، بە شەڕی سایبێری و میدیایی بۆ ڕەشکردنی حکوومەتی هەرێم و سەرکردەکانی لەبەرچاوی خەڵک، بە گەمارۆدان و جۆرەها پیلانی دوژمنکارانەی دیکە، هەوڵی لەنێوبردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستانیان داوە تاکوو لەو ڕێگایەوە بە کوردی ڕۆژهەڵاتیش بڵێن بێدەنگ بن، ئەمە ئەو دەسەڵاتە کوردییەیە کە ئێوە خەونی پێوە دەبینن.

بەدڵنیاییەوە مەبەستی سەرەکیی ئێرانییەکان لەو فیلمەدا کە هاوکاریی هێزی پێشمەرگەیان کردووە، کارێکی ئامانجدار و بەئەنقەستە و جیا لە مەبەستی شکاندنی کەرامەتی نەتەوەیی و سەروەریی خەڵکی کوردستان، هیچ مەرامێکی خێری لەپشت نییە. کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران دەبێ بزانن کە بە درۆکردن و قسەی بێبنەما، نە دەتوانن قاسم سلێمانی بکەنە پاڵەوان و نە دەتوانن شکۆمەندی خەڵکی کوردستان و پاڵەوانەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان خەوشدار بکەن.

ئەگەر ڕێژیمی ئێران بۆ ڕۆژێکیش خەمی کورد و کوردستانی لەبەر چاو بێ، بۆچی هەموو ڕۆژێک پۆل پۆل خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەشبگیر دەکا و  ئەو هەموو گەنجەی کورد لە سێدارە دەدا و کۆڵبەرانی بەلەنگاز و بێ دەسەڵاتی کورد وەبەر گوللە دەدات؟ با ئێرانییەکان و دوژمنانی کورد دڵنیا بن کە مێژوو و ڕاستییەکان، بە چیرۆک و کورتە فیلمی چەواشەکارانەی ئەوان ناگوردرێت و ئیرادەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە هیچ پیلان و هێزێکی دوژمنکارانەی ئەوان ناچەمێت.

 کوردانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەبێ ڕووی قسەیان لەسەر ڕێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی ئێران بێت کە ڕۆژانە خەڵکی کورد دەچەوسێنێتەوە، هەزاران پێشێلکاری مافی مرۆڤ دەکات و سەروەت و سامانی خەڵک خەرجی سەرەرۆییەکانی خۆی دەکات و چینێکی تایبەتی پێ دەوڵەمەند دەکات. ئێران بۆ شاردنەوەی ئەو ستەمکاری و تەحقیرە سیستماتیکەی کە لە خەڵکی دەکات، حەز دەکات کورد بە خۆیەوە سەرقاڵ بێت و لە نێویاندا خەریکی یەکترشکاندن بن، بۆیە زۆر گرنگە کە ئاگاداری ئەو پیلانانە بین.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.