کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ڕووسیە و ئۆکراین گەیشتووەتە شەقامەکانی کیێف

11:14 - 7 رەشەمه 2721

دەوڵەتی کیێف بە هەواڵدەریی فەرمیی ئۆکراینی وتووە کە دەرگیریی نیزامیی نێوان هێزەکانی ڕووسیە و ئۆکراین گەیشتووە شەقامەکانی پێتەختی ئەو وڵاتە.

پێشتر ''ڤولودیمێر زێلێنسکی'' سەرکۆماری ئۆکراین لە دوایین کاتژمێرەکانی شەوی هەینی لە ڤیدیۆیەکدا هۆشداریی دابوو کە هێزەکانی ڕووسیە لە حاڵی پێشڕەویدان.

هەواڵدەریی ''کیێف ئیندپێندێت'' باسی لەوە کردووە کە هەتا ئێستا زیاتر لە ٥٠ تەقینەوەی بەهێز لە پێتەختی ئۆکراین ڕووی داوە و دەنگی تەقەی چەکەکان دەبیسرێت.

سەرۆکی شورای ئەمنییەت و بەرگریی نیشتمانیی ئۆکراین وتوویەتی کە ئەرتشی ئەو وڵاتە هەتا ئێستا کۆنترۆڵی دۆخەکەی لە کیێف لەدەستدایە.

هاوکات ئەرتشی ڕووسیەش ڕایگەیاندووە کە چەند شاری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و پێشڕەوییەکانیان بەردەوام دەبێت.

سەرەڕای داواکاریی ئۆکراین لە وڵاتانی ڕۆژاوایی لە ڕاستای پێشگرتن لە هێرشی نیزامیی ڕووسیە، هیچ یەک لەو وڵاتانە هەنگاوێکی کردەییان بۆ پشتیوانی لە ئوکراین هەڵنەگرتووە.