کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ئۆکراین: هێزەکانی ڕووسیە بەرەوە کیێف و شارەکانی دیکە لە حاڵی پێشڕەوی دان

12:19 - 21 رەشەمه 2721

هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین لە حاڵێکدا درێژەی هەیە کە هێزەکانی ڕووسیە بەرەو کیێف پێتەختی ئۆکراین لە حاڵی پێشڕەوی دان.

میدیا خۆجێیەکانی ئۆکراین ئەمڕۆ شەممە ٢١ی ڕەشەمە باسیان لەوە کردووە لە ئۆکراین لە شارەکانی وەکوو ''کیێف، ئودسا، دنیپرو و خارکیف'' زەنگی ئاگادارکردنەوە لەمەر هێرشی ئاسمانیی ڕووسیە لێدراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "گاردیەن"، ئۆکراین نیگەرانی ئەوەیە وڵاتی بلاڕووس که پشتیوانی ڕووسیەیه دژی ئۆکراین بێتە بەرەی شەڕ.

هەواڵدەریی ''سی.ئێن.ئین'' لە کیێف باسی لەوە کردووە کە شەوی هەینی ٢٠ی ڕەشەمە بەردەوام لە دەرووبەری ئۆکراین دەنگی تەقینەوەی بەهێز هاتووە.

هەروەها بەرپرسانی ئۆکراین باسیان لەوە کردووە ڕووسیە لە ڕێگای هێرشە ئاسمانییەکانی خۆی نەخۆشخانەیەک و چەندین بینای نیشتەجێ بوونی لە شاری ''میکولائیف'' بۆمباران کردووە.

بەرپرسانی ئۆکراینی سەبارەت بە ڕوودانی کارەساتی مرۆیی لە شاری ''ماریوپۆل'' کە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیە گەمارۆ دراوە، هۆشدارییان داوە و باس لەو دەکەن دەرمان و خۆراک ناگەتە ئەو شارە.

هەتا ئێستا بەهۆی هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین نزیکەی ٢.٥ ملیۆن کەس خاکی ئۆکراینیان بەجێهێشتووە.

ئامریکا ڕۆژی هەینی ڕووسیەی بە پێشێلکردنی ڕێساکانی ئیمەنی ناوکی تۆمەتبار کرد و وتوویەتی سەبارەت بە بەردەوامی هێرشەکانی هێزەکانی ڕووسیە بۆ سەر دامەزراوەکانی ناوکیی ئۆکراین نیگرانە.

''جۆ بایدن سەرکۆماری ئامریکا وتوویەتی: دەرگیریی ڕاستەوخۆی نێوان و ناتۆ و ڕووسیە بە مانای شەڕی جیهانی سێهەمە و دەبێ خۆی لێ ببویرین''.