کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٦ شەھیدی لەسێدارەدراوی گۆڕ غەریبی لەبیرکرا

13:33 - 19 خەرمانان 2719

سۆران شەمسی

پاش تێپەڕبوونی نزیک بە چوار مانگ لە شەھیدکردن و لەسێدارەدرانی ۵۹ لاوی شاری مەھاباد لە ڕێکەوتی ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢، ڕێژیمی خوێنمژی ئێران کە نەیتوانی بە لەسێدارەدانی ئەم پۆلە قارمانە ئامانجەکانی خۆی بێپێکێت (واتە ھەترە بە جەماوەری بەجەرگی مەھاباد نەھێڵێت)، بەڵکوو دەستبەرداری مافە ڕەواکانیان بن، ئەم جارەش دەستی دایە تاوان و ٣٦ کیژ و کوڕی لاوی بێتاوانی دیکەی بە زۆری ئەشکەنجە و دانپێنانە نەکردەکانیانی لەسەر شاشەی تلەفزیۆنی مەھاباد بڵاو کردەوە و پاشان جێگۆڕکێ پێکردن بۆ شاری تەورێز لە دوای لەسێدارەدانیان لە ڕێکەوتی ١٣٦٢⁄٦⁄١٩ی ھەتاوی بەرانبەر بە ١٩٨٣⁄٩⁄١٠ی زایینی، لە گۆڕستانی بەناو وادی ڕەحمەت، تەنیا بستە گڵکۆیەکی بە بنەماڵەکانیان وەکوو گڵکۆی ڕۆڵەکانیان نیشان داوە لە جیاتی دانەوەی تەرمی پاکی ڕۆڵە شەهیدەکانیان.

جێگای ئاماژەیە کە کاتێک کەسوکاری ئەم شەھیدانە خوازیاری تەرمی ڕۆڵەکانیان بوون، لە لایەن پاسدارانی دزنۆ و مرۆڤکۆژی ڕێژیمەوە داوای چەند کیلۆ شیرینی و پارەی ئەم تیری خەلاسیانە لێ دەکرێن کە بۆ کۆشتنی ڕۆڵەکانیان بەکاریان ھێنابوون، بە بیستنی ئەم داواکارییانە، کەسوکاری شەھیدان لە ھەڵمەتێکی بوێرانەدا لە بەردەم زیندانی تەورێزدا ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان ڕێک دەخەن و لە پاسەوانەکان تا دەگاتە پەنجەرە و دەرگای زیندان بەردبارانی دەکەن، بە جۆرێک کە شووشەی هەموو پەنجەرەکان دەشکێنن و بە زۆری تەقەی ھەوایی و پەلاماردانی پاسدارێکی زۆر بڵاوە بە ناڕزایەتییەکە دەکرێت.

 بە یارمەتیی ھێندێک نیشتمانپەروەر و کەسوکاری ئەم شەھیدانە توانیم ناوی زۆربەی ئەو شەھیدانە بدۆزمەوە کە بەریتین لە: ١ــ قادر بایەزیدی، ٢ــ عەلی تۆکمەچی، ٣ــ یوونس پیرەدۆخت، ٤ــ کەریم پێغەمبەرنیژاد، ۵ــ حەسەن جەننەتی، ٦ــ محەممەد جەننەتی، ٧ــ ڕەسووڵ ڕەشیدی، ٨ــ سەید ئیبراھیم سەیدئەحمەدی، ٩ــ جەعفەر عیسمەتی، ۱٠ــ قادر کاکەمەمی، ١١ــ جەعفەر ڕەمەزانی، ١٢ــ نەسرین کاڵ، ١٣ــ ناسر ھیندووش، ١٤ــ مەحموود ئیبتیدا، ۱۵ــ علائەدین حوسەینی، ١٦ــ عوسمان بەتوراک، ١٧ــ سلێمان پیروتزادە، ١٨ــ محەمەد سەبزەچی، ١٩ــ خۆشناو قازیزادە، ٢٠ــ عەلی سەلامی، ٢١ــ مەعسووم سەرھەنگی، ٢٢ــ فایەق کەریمی، ٢٣ــ نەجات ماملێ، ٢٤ــ سوڵتان بەنایی، ٢۵ــ ئەبووبەکر پەرتەویان، ٢٦ــ خالید مسماری، ٢٧ــ حەبیبوڵڵا خادەمی، ٢٨ــ حەسەن بامداد، ٢٩ــ عەلی غەوارە، ٣٠ــ مەسعوود میرمەحموودی، ٣١ــ محەممەدمەسعوود زائێرحیجازی، ٣٢ــ جەعفەر حەسەنزادە، ٣٣ــ سەید ئەنوەر شوکری، ٣٤ــ محەممەد عەلیالی، ٣۵ــ عەبدوڵڵا ئاھەنگەری و ٣٦ــ ئەبووبەکر عەبدوڵڵاھی.

پێویستە بوترێت کە بەشێک لە بنەماڵەی ئەم شەھیدانە ھەوڵیان داوە تاکوو بە دروستکردنی کێل و بەردێکی ڕازاوە بۆ ئەم شەھیدانە، گڵکۆکانیان بنەخشێنن کە بەداخەوە لە لایەن لایەنە ئەمنییەتییەکانەوە بڕیاریان لەسەرە کە ناتوانن کێل و بەردیان ھەبێت، ئەم کارە تاکوو ئێستاش نەکراوە.

ڕاستە دوژمن، دوژمنە و ناوی بە خۆیەوە، کوشتنمان بە مافی خۆی دەزانێت و لەم ڕێگایشەدا ئەوەی لە دەستی بێت دەیکات و بێباکە، بەڵام ئەوەی جەرگبڕە بە لای زۆربەی بنەماڵەکانی ئەم شەھیدە سەربەرزانەوە، لەدەستدانی ڕۆڵەکانیان نییە، بەڵکوو ڕەخنەی ئەوان بۆ لە کەمتەرخەمی و گرینگینەدانی لایەنە کوردییەکانە سەبارەت بە ڕێبازی ڕۆڵەکانیان، لە لایەکی تریشەوە تا ئەم ساڵانە بە گوێرەی پێویست ئاوڕیان لەم شەھیدانە و بنەماڵەکانیان نەداوەتەوە، پێویست بوو تیشک بخرێتە سەر ئەم  کۆمەڵکوژییانە، وەکوو ژینۆسایدێکی دڕندانە لە جیھاندا و خوێندنەوەیان بۆ کرابایەت، تاکوو زیاتر ڕووی چەپەڵی ڕێژیم  بە دونیا بناسێندرێت.

لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی مرۆڤی دیلی بێتاوان، تاوانە و دژ بە مرۆڤایەتی و پێچەوانەی بڕگەکانی کۆنوانسیۆنی ژێنێڤە.

گڵکۆی ئەم شەهیدانە بەس نین تاکوو بتواندرێت بۆ جارێکی تریش دەمامک لە ڕووڕەشیی ڕێژیمی ئێران لابدرێت، مێژووی تاڵ بەڵام پر لە شانازیی کورد ئەم ڕاستییە حاشاھەڵنەگرە دەسەڵمێنێت کە ئەم نەتەوەیە ھیچکات لە شەھیدان بۆ خاک و نیشتمانی سڵی نەکردووە و بەرەوپیریی سێدارەچوونیش بووەتە دارەدارەی کوردایەتییان.

لە کوردستاندا بنەماڵەیەک نادۆزیتەوە کە لە پێناوی نیشتماندا کەسێکیان شەھید نەبووبێت و کولتووری گیانبازی لەنێو نەتەوەی کورددا بووەتە دێوەزمەی گیانی دوژمنان، ھیچ دایکە شەھیدێک خەمی ڕۆڵەی خۆی بەتەنیا شان وەبەر نادات کە دابینێت، دەیان و سەدان و ھەزاران دایکی شەھیدی تر لە ھاوسێیەتی یان لە کۆڵان و شار و گوندی ئەواندا دەیان و سەدان دایکی تر ڕۆڵەکانیان شەهید کراوە کە شوێنی ھەمان برین لەنێو دڵ و دەروونیاندا بە سەدان قات قووڵترە.

بە چاوی دوژمنی داگیرکەر گولـلەبارانکردن، لەسێدارەدان و تێرۆر، ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەی کوردە، بەڵام ڕاستەقینەکان ئەمەیان  دەرخستووە کە ئەو ڕێگاچارەیە ھەرگیز نەیتوانیوە چۆک بە نەتەوەی خەباتکاری کورد و داوا ڕەواکانیاندا بنێت، ئەگەر ڕۆڵەکانی ئەمڕۆیان شەھید کردووین، ڕۆڵەی داھاتوو قینئەستوورتر و بە ورەتر ھاتوونەتە گۆڕەپانی خەباتەوە و سوورترن لە مافە نەتەوەییەکانی نەتەوەکەیان.

شاراوە نییە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ھەر لە یەکەم ڕۆژەکانی دستەڵاتەوە بە فەرمانی جیھادی خومەینی، خوێنی کوردی بە حەڵاڵ زانی و تاکە تاکە، بەکۆمەڵ، ژن و پیاو، منداڵ و مێرمنداڵ، پیر و بەساڵاچووان، تەندروست و پەککەوتوو، بەبێ لێکۆڵینەوە و بێتاوان تیربارانیان کردن یا لەسێدارەیانیان دان، لە گشت ماڵ و کۆڵان و شەقامی شار و گوندەکانی وڵاتەکەمان، گرتن و ئەشکەنجە و لەسێدارەدان هەبوو، بە ئێستاشەوە ھەر دوێنێ بوو کە جەلادانی پەت و تێرۆر کۆرپەی شیرەخۆر، لاو و پیر، ژن و پیاو و تەنانەت باڵندە و گیانلەبەر و ئاژەڵەکانی قاڕنێ و قەڵاتانیان لە خوێن گەوزاند، ھەر دوێنێ بوو لە کۆڵانەکانی شاری نەغەدەی شەھید تەرمی دەیان باوک و کوڕ و دایک و کچانی کوردی تێدا دەبینرا، ھەر دوێنێ بوو ڕۆڵەکانیان بە پۆلی ٥٩ کەسی مەھاباد، ٣٨ کەس لە ورمێ، ٣٦ کەسی تر لە مەھاباد، لە تەورێز و ١۵ کەسی قوروە و ١١ و ٨ و ٧... ھتد کە ژمارەکان لە ئاستی ئەو تاوانانەدا کەم دەهێنن و دانەدانەی ناوچەکانی تری  وڵاتیان لێ دەگرتن و لەسێدارەیان دەدان.

وێڕای ئەو هەموو شەهید و کۆمەڵکوژی و قوربانیدانە، بەڵام قارەمانەتییەک لە یەکێک لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کە دەبێت ئاماژەی پێ بکرێت، هێزی بیستوون بوو کە پاش لەسێدارەدانی ۵۹ لاوی شاری مەهاباد لە ساڵی ۱۳٦۳ی هەتاویدا، کاک "شاپوو فیرووزی"، کادری سەربازیی حیزبی دێموکرات و فەرماندەی هێزی بیستوون، بڕیاری تۆڵەکردنەوەی لەسێدارەدانی ئەو ۵۹ لاوە بێتاوانە دا و لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بێوچان و بێوستان و ماندوونەناسانە ۵۹ ئۆپراسیۆنی (عملیات) بەردەوامی بە کەمترین زیانی گیانی و شەهیدبوون ئەنجام دا و زەربەیەکی گورچبڕی لە دوژمن دا و ڕێژیمی تاوانبار و جینایەتکاری ئیسلامیی ئێرانی لە کوردستاندا وەزاڵە هێنابوو.

بەڵام با ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە ھەر دوێنێ بوو ڕێبەرانی نەتەوەکەمان، دوکتورە کاریزماکانی کورد، قاسملوو و شەرفەکندی و هەروەها سدیقی کەمانگەر و سەدان پێشمەرگەی سەربەرزییان لێ تێرۆر و دەرمانداو کردن، بە ھەندێک سەرنجدان لە بارودۆخەکە دەبینین کە فەرمانی جیھادی خومەینی بۆ ساتێکیش ڕاوەستانی بۆ نەبووە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت نییە و هەمان بڕیار درێژەی هەیە.

ئەوەتا چالاکەوانانی بواری کۆمەڵایەتی، ڕۆژنامەنووسان، داکۆکانی مافی مرۆڤ و مامۆستایانی قوتابخانەکانمان، یەک بەدوای یەک بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەردەچێت و لەسێدارە دەدرێن، تەنیا بە تاوانی بیرکردنەوەی جیاواز یا داواکردنی مافی ڕەوای گەلەکەیان، لەبیرمان نەچێت کە لەبیرچوونی ھەر گیراوێک یا شەھیدێکی کورد دوژمنی داگیرکەر ھان دەدات تا ھێڵە سوورەکان زۆرتر ببەزێنێت و زیندانەکانی فراوانتر بکات تا ڕۆڵەکانی داھاتووشمان وەکوو خۆمان شەھید بکات.

بە ھیوای ئەم ڕۆژەی کە ڕیزەکانی نەتەوەکەمان پتەوتر و یەکگرتووتر بەرەنگاری داگیرکەر ببنەوە و بە جۆرێک کە شەھیدانی سەربەرزی گەلەکەمان لە گۆڕدا بحەسێنەوە.

سەرچاوە: وێبلاگی "وریا ماملێ"

کۆکەرەوە: سۆران شەمسی