کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عادل ئەلجوبەیر: ئێمە ڕووبەڕووی ڕێژیمی ئێران دەوەستینەوە

11:44 - 5 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی سعوودییە ڕەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا گرت.

عادل ئەلجوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعوودییە، لە دانیشتنی هزرگەی "شۆرای پەیوەندییەکانی دەرەوەی نیۆیۆرک"، کە بەشێکی باسەکە تایبەت کرابوو بە ئێران، ڕەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گرتوو و ڕایگەیاندووە: "ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هیچ ڕۆڵێکی لە جیهانی عەرەبیدا نییە، جگە لەوەی کە ئەم ناوچانە بەجێ بێڵێت".

عادل ئەلجوبەیر لە بارەی خەڵکی ئێران ڕایگەیاندووە: "بە هۆی گەڕانەوەی گەمارۆوە ئابوورییەکان، گوشارەکان بۆ سەر هاووڵاتیانی ئێران لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە زیاتر دەبێت".

وەزیری دەرەوەی سعوودییە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی  بە سیاسەتە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئیسلامی لە ناوچەکەدا داوە و وتوویەتی: "ئێمە ڕووبەڕووی ڕێژیمی ئێران دەوەستینەوە...ئەم ڕێژیمە پایەدار نییە".

هەروەها ناوبراو باسی لەوەکردووە، کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستی بە میلیاردها پارە گەیشتووە، بەڵام لە شوێنێکدا نەیبینیوە کە ئەو ڕێژیمە نەخۆشخانەیەک یان شەقامێک دروست بکات، بەڵام مووشەک بۆ حووسییەکانی یەمەن هەناردە دەکات و خەرجی شەڕی سووریەش دەکێشێت.

عادل ئەلجوبەیر پێشتر لە دانیشتنی ساڵانەی "یەکگرتن لە دژی ئێرانی ناوکی" لە نیویوورک باسی لەوە کردبوو، کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە حیزبوڵڵا دەکات و لە هەندێک لە ناوچەی سووریەدا دەستی بە قڕکردنی نەتەوەیی کردووە.

هەرم لە دانیشتنەدا وەزیری دەرەوەی سعوودییە وتبووی: "ڕێژیمی ئێران تەنانەت بەبێ هەبوونی چەکی ناوکیش ترسناکە، ئەگەر ڕێژیم دەستی بە چەکی ناوکی بگات ئیتر ناتوانرێت پێشی پێ بگیردرێت"، هەروەها لە درێژەدا وتبووی: "ئەوەی ئێران مەترسیدار دەکات هەڵسوکەوتەکانیەتی نەک توانایییەکانی".