کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عادڵ ئەلجوبەیر: گازی ئێران دەبێ گەمارۆی بخرێتە سەر

11:58 - 4 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: وەزیری ڕاوێژکار لە کاروباری دەرەوەی عەرەبستان، ڕێژیمی ئێرانی بە هەوڵگەلی هاندەرانە لە ناوچەکەدا تاوانبار کردووە و وتوویەتی کە هەناردەکردنی گازی ئێران دەبێ گەمارۆی بخرێتە سەر.

"عادڵ ئەلجوبەیر"، وەزیری ڕاوێژکار لە کاروباری دەرەوەی عەرەبستاندا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢ی پووشپەڕ، لە وتووێژێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی "فرانس ٢٤"، باسی لە ئاکاری هێرشبەرانەی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا کرد و وتی ئەو سیاسەتە بەبێ کاردانەوە، نامێنێتەوە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا وتوویەتی: "هەموو کەس لە ناوچەکەدا، بۆ پێشگرتن لە شەڕ هەوڵ دەدەن، چون دیاردەیەکی پڕهەڕەشەیە و سەرەڕای ئەوەش، ئێران بەردەوام بۆ پەرەسەندی ناکۆکییەکان هەوڵی داوە".

"عادڵ ئەلجوبەیر" لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: "پێویستە گوشار و گەمارۆکان بۆ سەر ئیران چڕتر بکرێتەوە و بواری گازیی ئێران و هەناردەکردنی، دەبێ گەمارۆی بخرێتە سەر، کە ئێران تووشی تێچوویەکی گران دەکات و پێی نیشان دەدات کە سیاسەتەکانی جێی پەسند نییە و دەبێ بگۆڕدرێ".

"ئەلجوبەیر"، هەروەها ئاماژەی بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر نەوتکێشەکان لە دەریای عوماندا و پێدانی کەرەستەی نیزامی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بە حووسییەکان کردبوو، کە خەتی لوولەی نەوتیی عەرەبستانی پێ دەکەنە ئامانج و وتوویەتی: "ئیران خۆی ناکۆکیی ناوەتەوە و خۆیشی دەبێ کەمی بکاتەوە".