کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێعدامی کەسانی ژێر تەمەنی یاسایی ڕەوایی هەیە

13:22 - 10 پووشپەڕ 2721

"ئانتۆنیۆ گۆترێش" سەرۆکی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و "میشێل باشلە" کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ سەبارەت بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێراندا نیگەرانی خۆیان دەدربڕیوە و ڕەخنەیان لە ڕێژیمی ئیران گرتووە.

"میشێل باشلە" وتوویەتی زیاتر لە ٨٠ منداڵانی ژێر تەمەنی یاسایی لە نۆبەی ئێعدام دانەوە و لەو ڕێژەیە لانیکەم ٤ منداڵ مەترسیی ئەوەیان لەسەرە هەردەم ئێعدام بکرێن.

"سەید مەجید تەفرێشی" جێگری ستادی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤی ڕێژیمی ئێران ئەو ڕەخنانەی بە ناڕەوا زانیوە و وتوویەتی کاتێک ئیمە لە کودەک موجریم قسە دەکەین مەبەستمان منداڵانی تەمەن ٥ یا ٦ ساڵ نییە بەڵکوو باس لە منداڵانێک دەکەین کە تەمەنیان ١٧ ساڵە و دادگا باڵغ بوونی ئەو منداڵانەی پەسەند کردووە.

"تەفرێشی" هەروەها سەبارەت بە ستادی مافی مرۆڤی وتوویەتی مەبەستی ئەسڵیی ئەو ستادە ئەوەیە کە ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئیراندا کەم ببێتەوە بەڵام هیچ کەس ڕێز بۆ ئەو کارەی ئێمە دانانێت.

ناوبراو ڕاشکاوانە دان بەوە دادەنێت کە ئێران ٨٥ ملیۆن حەشیمەتی هەیە و ئەگەر ساڵانە ٣ یا ٤ کەس لە منداڵانی ژێر تەمەنی یاسایی ئێعدام بکرێن ئێمە ئەو کارە بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ نازانین.