کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عوسمان مستەفاپوور و محەممەد نەزەری لە زیندان ئازاد کران

10:23 - 1 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی "عوسمان مستەفاپوور و محەممەد نەزەری"، دوای چەندین ساڵ زیندانی لە چاڵەڕەشەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ئازاد کران.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی، ""عوسمان مستەفاپوور و محەممەد نەزەری"، دوای ٥٣ ساڵ زیندانی ئازاد کران.

عوسمان مستەفاپوور ٢٨ ساڵ  و محەممەد نەزەری ٢٥ ساڵ لە زینداندا بوون. ئەو دوو زیندانییە ماوەی حوکمەکانیان لە زیندانەکانی ورمێ، تەورێز و ڕەجایی شار تێپەڕاندووە.

"عوسمان مستەفاپوور"، کۆنترین زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێدا بوو. ناوبراو لە مافی مورەخەسیگرتن بێبەری بوو.

"عوسمان مستەفا پوور"، مانگی پووشپەڕی ساڵی ٧٠، لە ناوچەی "تەڕگەوەڕ"ی ورمێ دەسبەسەر و دواتر بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی" ڕێژیمی ئێران بە ئێعدام مەحکووم کرا کە دواتر ئەو حوکمە لە دیوانی باڵای وڵات، بە دوو حوکمی ٢٥ ساڵ و ١٠ ساڵ زیندانی گۆڕدرا.

دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ١٠ ساڵ زیندانیی بەسەر "عوسمان مستەفاپوور"، بەهۆی شەڕ و تێکەڵچوونی چەکداری لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداراندا سەپاند.

"مستەفاپوور" تەمەن ٥٣ ساڵ و خەڵکی پیرانشاره.

هاوکات "محەمەد نەزەری"، زیندانیی سیاسی، دوای ٢٥ ساڵ لە زیندان ئازاد کرا.

"محەمەد نەزەری" لەدایکبووی شاری سایین قەڵای پارێزگای ورمێیە کە ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ١٣٧٣ی هەتاوی لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئێران" دەسبەسەر کرا و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا.

 ئەو حوکمە دواتر هەڵوەشایەوە و کەم کرایەوە بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی.