کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"عومەر قازی" ئەندامی حیزبی دێموکرات و کەسایەتیی نیشتمانپەروەر لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد

12:42 - 1 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣١ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی "عومەر قازی" ئەندامی چالاکی حیزبی دێموکرات و کەسایەتیی  نیشتمانپەروەر و خەڵکخۆشەویست لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

"عومەر قازی" لە کاتی شۆڕشی گەلانی ئێراندا ڕۆڵی کارای لە هاندانی خەڵک و گرتنی پادگانی مەهاباددا هەبوو و وەک کادرێکی لێوەشاوەی حیزب ئەرکی پێشەنگایەتیی لاوان و خەڵکی لە ئەستۆ بووە.

ناوبراو لە هەر دوو سەردەمی پاشایەتی و ڕێژیمی ئاخوندیدا لە پێناو گەیشتنی کورد بە ئامانجەکانی کۆماری کوردستان قسووریی نەکرد.

"عومەر قازی" لە سەردەمی پاشایەتیدا ماوەی چوار ساڵ لە بەندیخانەدا بوو و پاش ئازادبوونیشی قەت لە تێکۆشان و خەبات ڕانەوەستا. لە مەئموورییەتێکدا کە کاتی خۆی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بۆ ناوچەی تەرگەوەڕ و سۆما و برادۆست پێی سپاردبوو، لەلایەن سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا و لەو پێناوەدا ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆری دیت و بە ئەستەم لە ئێعدام ڕزگاری بوو.

دوای ئازادبوونی لە زیندان گەڕایەوە ڕیزەکانی حیزب و دوای ماوەیەک ڕووی کردە وڵاتی سوید و بەهۆی نەخۆشیی میناخانمی قازیی هاوسەری، ناچار گەڕایەوە مەهاباد.

خەونی ئەو وەدیهاتنی ئازادی و ڕزگاریی کوردستان و بە ئاوات گەیشتنی گەلی چەوساوەی کورد بوو.

"عومەر قازی" تا دواساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێگا و ڕێبازی پێشەوا و حیزبی دێموکرات مایەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵەی "قازی" و بە گشتی خەڵکی مەهاباد دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.