کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عیسا کەلانتەری: ژینگە جێگای سیاسیبازی نییه

12:27 - 16 پووشپەڕ 2719

کوردستا میدیا: بەرپرسی سازمانی پاراستنی ژینگەی ڕێژیمی ئێران، لە چەواشەکارییەکدا باسی لەوە کردووە کە پرسی ژینگە باسێکی سیاسی نییە و نابێ لەم پێوەندییەدا سیاسیبازی بکرێت.

"عیسا کەلانتەری"، بەرپرسی سازمانی پاراستنی ژینگەی ڕێژیمی ئێران، لە لێدوانێکدا وێڕای دانپێدانان بە دۆخی نالەباری ژینگە لە ئێراندا، هاوکات لە چەواشەکارییەکی تەواودا، باسی لەوە کردووە کە نابێ بە ڕوانینێکی سیاسییەوە چاو لەم بابەتە بکرێت.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، ژینگەی وەکوو بابەتێکی سەرووناوچەیی، سەرووقەومی و هەروەها سەرەوەتر لە سنوورە دیاریکراوەکان ناو بردووە و وتوویەتی کە ئەم پرسە جێگای سیاسیبازی و سیاسیکاری نییە. 

ناوبراو وێڕای ئاماژه بە هەڕەشەکانی سەر ژینگە باسی لەوە کردووە کە جیهان بە ٨ میلیارد کەس حەشیمەتەوە، هەڕەشەی لێدەکرێت و لەنێوچوونی ژینگەش، کۆچکردنی خەڵکی بەدواوە بووە.

قسەکانی کەلانتەری سەبارەت بە سیاسی نەکردنەوەی پرسی ژینگە لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، پرسی لەنێوبردنی ژینگە و زیانگەیاندن بە ژینگە، بەتایبەت لە شارەکانی کوردستاندا، بەشێکی حاشاهەڵنەگر لە سیاسەتەکانی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان بووە و خودی ڕێژیمیش وەکوو گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ژینگەی ئێران دەناسرێت.

بڕینەوە و فرۆشتنی دارەکان، قاچاخکردنیان بۆ کارخانەکانی سازکردنی کاغەز لە باکووری ئێران، ئاگرتێبەردانە بەئەنقەستەکان و ئازار و ئەزیەت و هەروەها بەندکردنی چالاکانی ژینگەپارێزی و وەپاڵدانی تاوانی سیاسی بۆ پێشگرتن لە چالاکییەکانیان، نموونەگەلێکی بەرچاو لە کارەکانی ڕێژیم بۆ سیاسیکردنەوەی پرسی ژینگە بووە کە بە شێوازگەلی جیاوازیش بەردەوامە.