کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عێراق بەهۆی داخستی سەرچاوە ئاوەییەکان لەلایەن ئێرانەوە سکاڵای نێودەوڵەتی تۆمار دەکات

11:03 - 4 خەزەڵوەر 2721

''مەهدی ڕەشید ئەلحەمدانی'' وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق باسی لەوە کردووە کە ئەو وەزارەتە بەدواداچوون بۆ بابەتی سکاڵای فەرمی لە دژی ڕێژیمی ئێران لە دادگای نێونەتەوەیی لەهەمبەر کێشەکانی پەیوەندیدار بە ئاو، دەکات.

''ئەلحەمدانی'' کە بۆ بەشداری لە کۆنفڕانسی سەرچاوە ئاوییەکان سەردانی قاهیرەی کردووە، وتوویەتی کە سەبارەت بە کێشەکانی ئاو لەگەڵ تورکیە بە ئاکامێکی باش گەیشتوون و لەوبارەوە زیاتر بەرەوپێش دەچن.

ناوبراو باسی لەوە کردووە: "بە پێچەوانەی تورکیە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کێشەیەکی زۆرمان هەیە و بەهۆی داخستی سەرچاوە ئاوییەکان لەلایەن ئێرانەوە، عێراق زۆرترین زیانی پێگەیشتووە".

"ئەلحەمدانی" وتوویەتی کە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق داوای لە وەزارەتی دەرەوە، سەرکۆمار و مەجلیسی ئەو وڵاتە کردووە کە سکاڵای فەرمی دژی ڕێژیمی ئێران لە دادگای نێونەتەوەیی تۆمار بکەن.

بەهۆی دروستکردنی بەنداو لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لەسەر ئەو ڕووبارانەی کە دەڕژێنە نێو خاكی هەرێمی کوردستان و عێراق، کێشە و گرفتی زۆر بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە دروست بووە.

ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی سیاسی و وەکوو کارتێکی گوشار لەو ئاوانە کەڵکاژۆ وەردەگرێت کە دەڕژێنە نێو خاکی عێراقەوە.

ئەو پیلان و سیاسەتانەی ڕێژیمی ئێران کاریگەرییەکی زۆریشی لەسەر سەرچاوە ئاوەییەکان و ژینگەی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە لەوێوە دەڕژێتە خاکی عێراق داناوە.